رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامدا. دواترینیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. باس لەوە دەکات تاوتوێی زیادکردنی رێژەی هەناردەی کارەبایان بۆ عێراق کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا. زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامدا. دواتر لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس دوایین کۆبوونەوەکانی لە بەغدا پۆست کرد و رایگەیاند، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "لە دیدارەکەماندا، گفتوگۆی قووڵکردنەوەی زیاتری پێکەوە کارکردن و هاوکارییەکانمان لە بواری وزە و هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانمان کرد لە بەشداریکردن لە ئاسایشی وزەی ناوچەییدا. هەروەها تاوتوێی زیادکردنی رێژەی هەناردەی کارەبای ئێستامان بۆ عێراق کرد لە ماوەیەکی کورتدا."
زیاتر نووسیویەتی: "لەبارەی پتەوترکردنی ھاوبەشیی ستراتیژیی نێوان تورکیا و عێراق رێککەوتین."
لە پۆستێکی دیکەشیدا ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیان بۆ عێراق بۆ لای حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بوو.
لە دیدارەکەی لەگەڵ حەیان رایگەیاند، "جگە لە پرۆژە بەردەوامەکانی نێوان وڵاتەکانمان، دەرفەتەکانی ھاریکاریمان تاوتوێکرد، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی قەبارەی بازرگانیی کە سەرکردەکانمان دیارییان کردووە، بەدی بێت. ھەروەھا بۆ ئەوەی ئەو توانا زۆرەی کە لە کەرتی نەوت و گازی سرووشتیدا ھەیە، لە بوارەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و بازرگانیدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
دووەم دیداریشی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بوو. لەم بارەیەوە پۆستێکی دیکەی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکەمان کرد، هەروەها رەنگدانەوەی ئەو پێشهاتانە لەسەر وڵاتەکانمان و کەرتی وزە لە ماوەی کورت و مامناوەند دا کرد. ئاماژەمان بەوەدا کە گرنگە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان وەک رێگایەکی وزەش هەڵسەنگێندرێت و لەم چوارچێوەیەدا هاوکاریمان بەهێزتر بکرێت."
سەبارەت بە دیداری سێیەمیشی، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، "لەگەڵ زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا کۆبووینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە هاوئاهەنگییەکان کرد بەتایبەتی لە بواری زیادکردنی توانای بەستنەوەی وزەی نێوان هەردوو وڵات و وەبەرهێنانەکان لە بواری وزەی نوێبووەوە. هاوکات هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو دەرفەتانە کرد کە پەیوەندییان بە بەردەوامی و زیادکردنی بازرگانی کارەباوە هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ