تورکیا هەناردەى کارەباى عێراقى کردە دوو ئەوەندە و تاوتوێى ناردنى گاز دەکات

دوێنێ کاژێر 07:32
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا لە بەغدا لەگەڵ وەزیرى کارەباى عێراق رێککەوتن بۆ زیادکردنى کارەباى هەناردەکراویان بۆ عێراق بۆ دوو ئەوەندە، لەگەڵ وەزیرى دەرەوەش تاوتوێى تواناى هەناردکردنى گازیان کردووە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.
   
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ى ئادارى 2025، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ هەردوو  وەزیرانى نەوت و کارەبارى عێراق کۆبووەوە. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق، لە کۆبوونەوەى ئاڵپئارسڵان بایراکتار لەگەڵ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت دا، باسیان لە پەیوەندیى نێوان هەردوو وڵات کردووە لە بوارەکانى وزە و نەوت و گاز.
 
کۆبوونەوەیەکى دیکەى وەزیرەکەى تورکیا لەگەڵ زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق بووە.
 
ئەو وەزارەتە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەیدا رێککەوتوون بۆ زیادکردنى بڕى کارەباى هاوردەکراو بۆ عێراق بۆ 600 مێگاوات.      
 
مانگى تەممووزى 2024، هێڵى گواستنەوەى کارەباى تورکیا لە رێگەى هەرێمى کوردستان بۆ عێراق کەوتەکار، کە هێڵێکى 400 کەى ڤی-یە و ئێستا 300 مێگاوات کارەباى لێوە هەناردە دەکرێت بۆ عێراق. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکەى وەزارەتى کارەباى عێراق، ئاڵپئارسڵان بایراکتار ئاماژەى بەوەداوە کە لە چەند مانگى داهاتوودا بڕى هەناردەى کارەبایان بۆ 600 مێگاوات بەرز دەکەنەوە. 
 
سزاکانى ئەمریکا وایکردووە هاوردەکردنى کارەبا لە ئێرانەوە رابگیرێت، بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیى عێراق بۆ کارەبا ناچار بووە ئەو وزەیە لە تورکیاوە هاوردە بکات بەتایبەت کە لە وەرزى گەرما پێویستى بە 32 بۆ 35 هەزار مێگاواتە.
 
لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس، ئاڵپئارسڵان بایراکتار نوسیویەتی: "لە چوارچێوەی سەردانمان بۆ عێراق، لەگەڵ زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا کۆبووینەوە و باسمان لە هاوئاهەنگییەکان کردووە بە تایبەتی لە بواری زیادکردنی توانای بەستنەوەی وزەی نێوان هەردوو وڵات و وەبەرهێنانەکان لە بواری وزەی نوێبووەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو دەرفەتانە کرد کە پەیوەندییان بە بەردەوامی و زیادکردنی بازرگانی کارەباوە هەیە".
 
کۆبوونەوەیەکى دیکەى وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە بوو.
 
وەزارەتى دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە کە هەردوولا باسیان لە پرسەکانى پەیوەندیدار بە کارەبا و گازى سرووشتى و نەوت و شێوازى پەرەپێدانى پەیوەندی نێوانیان کردووە لە کەرتى وزەدا. 
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا تاوتوێى تواناى هاوردەکردنى گازیان کردووە لە تورکیاوە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباى عێراق."   
 
ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە فەرمانگەکە پێشوازییان لێکرد.
 
بڕیارە وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە عێراق.

ئاڵپئارسڵان بایراکتار: لەگەڵ سوودانی تاوتوێی زیادکردنی هەناردەی کارەبامان بۆ عێراق کرد

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامدا. دواترینیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. باس لەوە دەکات تاوتوێی زیادکردنی رێژەی هەناردەی کارەبایان بۆ عێراق کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا.