قایمقامی تەلەعفەر: پرسی بەپارێزگابوونمان بەستراوەتەوە بە بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە

16-03-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
دەروازەیەکی چوونە نێو تەلەعفەر. وێنە: رووداو
دەروازەیەکی چوونە نێو تەلەعفەر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - تەلەعفەر

تەلەعفەر، گەورەترین قەزا لە عێراق، یەکێک لەو قەزایانەی کە پرسی بەپارێزگابوونی لە پەرلەمانی عێراقە و بەستراوەتەوە بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
 
خەلیل موحسین هابش، قایمقامی تەلەعفەر دەڵێت، "پرسی گۆڕینی قەزای تەلەعفەر بۆ پارێزگای جەزیرە، لە سەردەمی رژێمی پێشووەوە هەبوو، واتە پێش ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، چونکە ئەمە گەورەترین قەزایە لە عێراق، بەڵام رژێمی پێشوو دوای بەدواداچوون، نووسی بۆ ئێستا رابگیرێت. دوای نەمانی رژێمی پێشوو، ئەم بابەتە جارێکی دیکە باسکرایەوە و پەرلەمانتاران کاریان لەسەر کردووە، ئێستا کتابی بەپارێزگابوونی لە پەرلەمانی عێراقە، بەپێی زانیارییەکانم بەستراوەتەوە بە بابەتی هەڵەبجەوە."
 
کێشەی هەرە گەورەی بەپارێزگابوونی ئەو قەزایە، شنگالە، چونکە کاربەدەستانی ئەو شارە و شیعەکان بەتایبەتی، داوادەکەن شنگال بەپارێزگای جەزیرە ببەسترێتەوە دوای بەپارێزگابوونی، بەڵام هەریەک لە کورد و سوننە دژی ئەو داوایەن، خەڵکی ئەو قەزایە داوادەکەن، هەڵەبجەو تەلەعفەر بۆ بەپارێزگابوونیان، بەیەکەوە لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.
 
مەحموود عەبدوڵڵا، پارێزەر دەڵێت، "پشتیوانی لە قەزای تەلەعفەر و قەزای هەڵەبجە دەکەم کە ببنە پارێزگا." ئەحمەد مونیر، فەرمانبەر ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ رێگرێک نییە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، چونکە ناوچەیەکی زیانبەرکەوتووە پێشتر، قەزای تەلەعفەریش مافی خۆیەتی ببێتە پارێزگا، چونکە رۆژ لەدوای رۆژ فراوان دەبێت."
 
عەبدولڕەحمان سامر، قوتابی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە "بیرۆکەیەکی باش" ناودەبات و دەڵێت، "هەروەها بەپارێزگابوونی تەلەعفەریش باشە، چونکە بێ خزمەتگوزارییە، ئەگەر ببێتە پارێزگا رەوشمان باشتر دەبێت."
 
رووبەری قەزای تەلەعفەر 4453 کیلۆمەتر دووجایە و زیاتر لە 770 هەزار دانیشتووی هەیە، سێ ناحیەی لەسەرە کە ئەوانیش ناحیەی رەبیعە کە زۆربەیان عەرەبن، ناحیەی زوومار کە 78 گوندە و 49یان عەرەبن و 29شیان کوردن، هەروەها ناحیەی عەیازیە کە هەریەک لە کورد، عەرەب و تورکمان تێیدا دەژین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە