کۆمیسیۆن ناوی چوار هەزار کاندید بۆ حیزبەکانیان دەگەڕێنێتەوە

16-03-2018
فەلاح رەحیمی
نیشانەکردن هەڵبژاردنی عێراق
A+ A-

رووداو- هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی چوار هەزار کاندیدی بۆ لایەنە سیاسییەکان گەڕاندووەتەوە. حیزبەکان تەنیا سێ بۆ چوار رۆژیان مۆڵەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان یان پڕکردنەوەی شوێنەکانیان.

رزگار حاجی محەممەد، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (تۆڕی میدیای رووداو)ی راگەیاند، لە کۆی 7 هەزار و 120 کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناوی 4 هەزاریان پەسەندنەکراوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان.

ئەو کاندیدانە سیڤییەکانیان کێشەی تێدابووە، کێشەی زۆربەشیان پەیوەندی بە بڕوانامەوە هەبووە.
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختیکردەوە کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان لەماوەی سێ بۆ چوار رۆژی دیکە کێشەی کاندیدەکانیان چارەسەربکەن یان کاندیدی نوێ لە شوێنەکانیان دابنێن.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 25 هاوپەیمانێتی و 63 قەوارە بەشداریی تێدا دەکەن. کێشەی بڕوانامەی کاندیدەکان لەکاتێکدایە ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق ئاستی بڕوانامەی کاندیدانی پەرلەمانی بۆ ئاستی ئامادەیی کەمکردەوە و، هەموو لیستێک دەتوانێت 30% کاندیدەکانی هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە