رووداو دیجیتاڵ
تێدی رینەر، پاڵەوانی فەرەنسیی یاریی جودۆ، کە خاوەنی 5 میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیاد و 11 نازناوی جیهانییە، بە راگەیاندنی خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە ساڵی 2027، ناوی چووە نێو لیستی ئەو ئەستێرە وەرزشییانەی، لەنێو یاریگاوە چوونەتە نێو کۆشکەکانی سەرۆکایەتی و گەیشتوونەتە لووتکەی دەسەڵات.
رینەر، رۆژی 9ـی مانگی 11ـی 2026 لە رێگای گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە دروشمی 'ئەو فەرەنسایەی دەمانەوێت'، بەربژێربوونی فەرمیی خۆی راگەیاند، بەمەش چووە ریزی ئەو وەرزشوانانەی، کە خواستەکانیان لە بەدەستهێنانی نازناو و شکاندنی ریکۆردەکان نەوەستا، بەڵکو روویان لە کاری سیاسی کرد و گەیشتنە بەرزترین پۆستی دەسەڵات، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان بەشدارییان لە ململانێی سەختی هەڵبژاردندا کرد. ناوبانگی وەرزشی هەمیشە سەرمایەیەکی جەماوەریی بەهێز بە خاوەنەکەی دەبەخشێت، بۆ چوونە نێو کایەی گشتی، چونکە جەماوەر لە پاڵەوانێتییەکاندا هێمای دیسپلین، سەرکردایەتیکردن و بەرگەگرتنی گوشارەکان دەبیننەوە و متمانەی دەرەوەی یاریگایان پێدەبەخشن، هەروەکچۆن لەنێو یاریگادا چەپڵەیان بۆ لێدەدەن.
لە باڵۆندۆرەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی
ئەفسانەی لیبیریا، جۆرج ویا دیارترین نموونەی ئەم مێژووەیە؛ ئەو تاکە یاریزانی کیشوەری ئەفریقایە، کە لە ساڵی 1995 خەڵاتی باڵۆندۆر و خەڵاتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)ی بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یانەکانی مۆناکۆ، پاریس سانجێرمان، میلان، چێڵسی و مانچێستەر سیتی درەوشایەوە.
ویا دوای وازهێنانی چووە نێو کایەی سیاسی و لە ساڵی 2017، بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 60٪ـی دەنگەکان لەسەر لیستی هاوپەیمانیی گۆڕانکاریی دیموکرات، بەسەر جۆزێف بواکای جێگری سەرۆکی ئەوکاتدا سەرکەوت و بووە سەرۆکی لیبیریا، لە ساڵی 2018 تاوەکو مانگی 1ـی 2024 حوکمڕانیی کرد، تا ئەو کاتەی لە هەڵبژاردنی 2023 بەرامبەر بواکای دۆڕا.
نوێترین سەرۆک لەنێو یاریزانانەوە
هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی جۆرجیا، کە پێشتر یاریی بۆ یانەکانی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و لۆسێرنی سویسری کردووە، چووە ریزی ئەو وەرزشوانانەی بوونەتە سەرۆکی دەوڵەت. ناوبراو لە ساڵی 2006 وازی لە یارییکردن هێنا و لە ساڵی 2016، لەسەر لیستی پارتی خەونی جۆرجی، چووە پەرلەمان و بە هەڵوێستە رەخنەگرییەکانی بەرامبەر رۆژئاوا ناسرا. کاڤیلاشڤیلی لە مانگی 12ـی 2024 بەبێ بوونی هیچ رکابەرێک، لە کۆمەڵەی هەڵبژاردن و لە سایەی بایکۆتی ئۆپۆزسیۆندا بە سەرۆکی جۆرجیا دەستنیشانکرا.
لە گۆڕەپانی بۆکسێنەوە بۆ کودەتای سەربازی
ئیدی ئەمینی سەرۆکی پێشووی ئۆگەندا، رێگایەکی تەواو جیاوازی بڕی؛ ئەو لە کاتی خزمەتکردنی لە کەتیبەکانی پاشایەتیی بەریتانیا لە ئۆگەندا، وەک بۆکسێنەرێکی کێشی قورسی سووک ناوبانگی دەرکرد، دواتر لە رێگای کودەتایەکی سەربازی لە ساڵی 1971، دەسەڵاتی گرتە دەست و تاوەکو 1979 وەک سەرۆک مایەوە، سەردەمەکەشی بە سەرکوتکاری و پێشێلکاریی بەرفراوان ناسرا، ئەمەش وایکرد مۆدێلێکی جیاواز بێت لە سەرجەم ناوەکانی دیکە.
لە لووتکەی کریکێتەوە بۆ سەرۆکوەزیران
عیمران خان، یەکێک بوو لە مەزنترین یاریزانانی مێژووی یاریی کریکێت و وەک کاپتنێکی مێژوویی، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پاکستانی کرد بۆ بردنەوەی مۆندیالی 1992. دوای وازهێنانی، لە ساڵی 1996 پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاکستانی (PTI) دامەزراند و بۆ چەندین ساڵ، سەرقاڵی کاری سیاسی و چاکسازی بوو، تاوەکو لە ساڵی 2018 بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەڵبژێردرا. ماوەی دەسەڵاتەکەی تەواو نەبوو، کاتێک لە مانگی 4ـی 2022 بە لێسەندنەوەی متمانە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە ساڵی 2023ـەشەوە رووبەڕووی چەندین دۆسیەی دادوەری بووەتەوە و لە زینداندایە.
لە یاریزانی تۆپی پێیوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا
زۆر کەس جێرالد فۆردی 38ـەمین سەرۆکی ئەمریکایان بەوە لەیادە، کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ریچارد نیکسۆن، لە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەو لە پۆستی جێگری سەرۆکەوە دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام ناوبراو پێشتر یاریزانێکی دیاری تۆپی پێی ئەمریکی بوو، لە تیمی زانکۆی میشیگان لەنێوان ساڵانی 1932 تاوەکو 1934، کە لەو دوو وەرزەی یەکەمدا تیپەکەیان تووشی هیچ شکستێک نەبوو، یاریی کردووە.
لە یاریگای مارسیلیاوە بۆ سەرۆکایەتیی جەزائیر
بەر لەوەی خۆی بۆ خەباتی نیشتمانی تەرخان بکات، ئەحمەد بن بێلا کاروانی ژیانی وەک یاریزانی تۆپی پێ دەستپێکرد، کاتێک لە وەرزی 1939-1940 بۆ ماوەیەکی کورت یاریی بۆ یانەی ئۆڵۆمپیک مارسیلیای فەرەنسی کرد. دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی جەزائیر، لە ساڵی 1963 بووە یەکەم سەرۆکی کۆماری جەزائیری سەربەخۆ و تاوەکو 1965 لە دەسەڵاتدا مایەوە.
نزیکبوونەوە لە دەسەڵات بەڵام سەرنەکەوتن
خواست و ئارەزووی ئەستێرەکانی وەرزش تەنیا لە گەیشتن بە دەسەڵاتدا نەوەستا، بەڵکو هەندێکیان کێبڕکێی سەختیان کرد بەڵام نەیانتوانی بگەنە هێڵی کۆتایی:
مانی پاکیاو، پاڵەوانی بۆکسێنی فلیپین کە خاوەنی نازناوی جیهانی بوو لە 8 کێشی جیاوازدا، دوای ئەزموونێکی درێژ لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، لە ساڵی 2022 بە فەرمی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەربژێر کرد، بەڵام لەو هەڵبژاردنەی فێردیناند مارکۆسی کوڕ تێیدا سەرکەوت، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
بێڵ برادلی، یاریزانی پێشووی خولی باسکەی ئەمریکا (NBA) کە دوو نازناوی لەگەڵ نیویۆرک نێکس لە ماوەی 10 ساڵدا بەدەستهێنا و مەدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی 1964ـی بردەوە، سێ خول وەک سیناتۆری ویلایەتی نیوجێرسی هەڵبژێردرا و لە ساڵی 2000 لەسەر لیستی حزبی دیموکرات، خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر کرد، بەڵام لە ململانێی دیاریکردنی بەربژێری حزبەکە بەرامبەر ئال گۆر دۆڕا.
ئەم مۆدێلە ئیلهامبەخشانە دەیسەلمێنن کە خولیای سەرکەوتن و سەرکردایەتیکردن لەنێو یاریگادا قەتیس نابێت؛ ئەو وەرزشوانانەی لەسەر سەکۆی نازناوەکان وەستاون و بەرگەی گوشارە گەورەکانیان گرتووە، سەلماندیان کە دەتوانن ئەم پێداگرییە بگوازنەوە بۆ نێو کایەی سیاسی تاوەکو شوێنپەنجەی خۆیان لە مێژووی نەتەوەکانیاندا جێبهێڵن.




