رووداو دیجیتاڵ
دەنگدەرانى عێراق لە دەرەوە، ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان جگە لە شنگال ناتوانن بەشداریی لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن، ئەگەر نەگەڕێنەوە زێدى خۆیان. بۆ کەرکووکیش پشت بە تۆمارى دەنگدەرانى هەڵبژاردنى پێشوو دەبەسترێت کە وردبینى کراوە.
10 رۆژ لەبەردەم دەنگدەراندا ماوە بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، ئەگەر بیانەوێت بەشداربن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە لە 11-11-2025 بکرێت.
لە 14ـى مانگى ئادارەوە، دەرگەى نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران بۆ مانگێک کرایەوە.
لە دەرەوە دەنگ نادرێت
تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن کە کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان هەیە و کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا.
تاوەکو 9ـى نیسانى 2025، ژمارەى ئەو کەسانەى کارتی بایۆمەترى دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، 17 ملیۆن و 999 هەزار و 283 کەس بوون.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دەرەوەى عێراق سندووقى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دانانرێت.
عیماد جەمیل گوتى: "ئەو دەنگدەرەى دەرەوەى عێراق کە دەیەوێت بەشدار بێت لە هەڵبژاردن، پێویستە رۆژى دەنگدان بگەڕێتەوە و کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیشى هەبێت".
ئاوارەکان دەتوانن دەنگ بدەن؟
بە گوێرەى هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگا و قەزا و ناحیەکانى عێراق، ئاوارەکان بە گوێرەى دوایین سەرژمێریى فەرمى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەبێت، کە دەدرێتە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان. هەر ئاوارەیەک دەنگ لە بازنەکەى خۆى دەدات کە لێوەى ئاوارە بووە، ئەو دەنگدانەش لە رێگەى کارتى بایۆمەتریى دەنگدانەوە دەبێت و بنکەى دەنگدانیان لە ناو کامپەکان بۆ دەکرێتەوە.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەنگدانى ئاوارەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى هەرێمى کوردستان تەنیا خەڵکى قەزاى شنگال و ناحیەکانى دەگرێتەوە، کە لەنێو کامپەکان بن یان دەرەوە بنکەى دەنگدانى تایبەتیان بۆ دادەنرێت.
دەنگدانى ئاوارەکان لەگەڵ دەنگدانى تایبەت دەبێت، کە 48 کاژێر بەر لە دەنگدانى گشتى دەکرێت.
عەلى جەهانگیر گوتى: "ئەو ئاوارانەى دەتوانن دەنگ بدەن تەنیا لە سنوورى دهۆکن، ئەوانەى لە سنوورى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانن ناتوانن لەو شارە دەنگ بدەن."
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، عێراق و هەرێمی کوردستان کراونەتە 18 بازنەی هەڵبژاردن، واتە هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
کەرکووک، تۆمارى وردبینیکراو
هەموارى یاسای هەڵبژاردن، ئاماژەى بە وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک کردووە، کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، داد و بازرگانى، پلاندانان و نوێنەرى پێکهاتەکانى ئەو شارە دەکرێت.
ئەو وردبینییە بۆ ئەوە بووە پشت بەو تۆمارى دەنگدانە ببەسترێت بۆ هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى 2023 و پەرلەمانى عێراق لە 2025.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: "وردیبنییەکە کراوە و پشت بە هەمان ئەو تۆمارى دەنگدەرانە دەبەسترێت، کە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 2023 وردبینى تێدا کراوە."
بە گوێرەى ئەو وردبینییە دەبێت ئەو هاووڵاتییانە لە تۆمارى دەنگدەرانی کەرکووک ناویان هەبێت، کە لە سەرژمێریی 1957 هەبووبن، جگە لە ناحیەى زاب و سەرگەڕان.
هەروەها ئەو ئاوارانەى کە قۆناخەکانى وردبینیى لیژنەى مادەى 140یان بڕیوە، لەگەڵ ئەوانەى بە گوێرەى کۆبۆنى خۆراک سەلمێنراوە بەر لە 2003 لە کەرکووک بوون دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ