رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر پەسنی جێنشینی سعودیە دەکات و دەڵێت سیاسەتەکانی گۆڕیوە، داوای نۆژەنکردنەوە و پاراستنی چەند گۆڕێکی ناوچەی بەقیعی ئەو وڵاتەی لێدەکات.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە "رەوتی سەدریی پێشوو"، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، دەڵێت، "دوای ئەوەی گۆڕینی سیاسەتەکانمان لە شانشینی عەرەبیی سعودیە بینی، لەگەڵ رەتکردنەوەی ئەو تووندڕەوییەی تێیدا بوو. بە دەرفەتی دەزانم نۆژەنکردنەوەی گۆڕی ئیمامەکانی بەقیع رۆحم بە قوربانیان بێت، بەبیر بهێنمەوە."
موقتەدا سەدر باسی تێکدانی گۆڕی ئەو ئیمامانە دەکات و دەڵێت، "ئەو رووخاندنە لە دەرەوەی رێکارە شەرعی و بیروباوەڕی و کۆمەڵایەتییەکاندا لەلای سەرجەم نەریت و ئاین و بیروباوەڕ و ئینتیما و بۆچوونە میانڕەو و دروستەکانەوە بوو."
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داوای نۆژەنکردنەوەی ئەو گۆڕانە دەکات و دەڵێت، "وەکو ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، بێگومان ئەوانەی خودا پیسیی لەسەر هەڵگرتوون و خاوێنی کردوونەتەوە ئێمە و ئێوە پێکەوە لەسەرمانە خۆشمان بوێن و ملکەچیان بین."
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، دروشمی "میانڕەو بەرنامەمانە"ـی خستووەتە نێو نووسینەکەیەوە، هاشتاگی "بونیادنانەوەی گۆڕەکانیان"یشی لەگەڵ نووسینەکەی داناوە.
موقتەدا سەدر داواکاریی لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقیش هەیە، بۆ ئەوەی هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵ حکومەتی سعودیە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت "لەپێناو تەواوکردنی ئەو پڕۆژە یەکگرتووییە کە لەگەڵ میانڕەوی و دژایەتیکردنی تووندڕەوی دەگونجێت".
گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینەی سعودیە، یەکێکە لە دیارترین گۆڕستانەکانی سعودیە و جیهانی ئیسلامی، نزیکەی 10 هەزار گۆڕی لە هاوەڵان و کەسانی نزیکی پەیامبەری ئیسلام موحەممەد، تێدایە. لەنێویاندا گۆڕەکانی چوار لەو ئیمامانە هەیە کە شیعەکان بە "مەعسوم - بێ خەوش" ناویان دەبەن، ئەوانیش ئیمام حەسەنی کوڕی عەلی، عەلی کوڕی حوسێن، محەممەد کوڕی عەلی و جەعفەر کوڕی محەممەد.
لە ساڵی 1925 لەلایەن چەند کەسێکەوە کە شیعەکان بە تووندڕەو ناویان دەبەن بەشێک لە گۆڕەکان بۆ جاری دووەم شێوێندران و شکێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ