لە بەغدا کەسێک خۆی بە میری ئێزدییان دەناسێنێت و کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

15-04-2024
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە شاری بەغدا لە کۆبوونەوەیەکدا، کەسێک وەکو میری کوردانی ئێزدی ناسێنرا، ئەم بابەتە کاردانەوەی لەنێو کوردانی ئێزدیدا لێکەوتووەتەوە. 
 
ئەمڕۆ لە شاری بەغدا سالم نەجمان بەگ کە لە بنەماڵەی میرانی کوردانی ئێزدییە، وەکو میر ناسێنراوە و رێوڕەسمێکی بۆ سازکراوە، ئەم بابەتە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوە.
 
جەھوەر عەلی بەگ، بریکاری میرى کوردانی ئێزدی لە جیھان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دانانی ھەر کەسێک بە ناوی میر رەتدەکەینەوە، بێجگە لە میر حازم، چونکە کاتی خۆی زۆربەی بنەماڵەکانی میرانی کوردانی ئێزدی لەسەر ئەوە کۆکبوون کە میر حازم بکرێتە میر و نوێنەری بنەماڵەی ئەو کەسەش رازی بووە کە ئێستا خۆی بە میر ناساندووە".
 
بریکاری میری کوردانی ئێزدی گوتیشی: "ئەو شێوازەی بینیمان لە بەغدا لەگەڵ رێوڕەسمەکانی ئایینی ئێزدییاتی گونجاو نییە".
 
لای خۆیەوە، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئیزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "دانانی ئەو کەسە وەکو میر دوورە لە رێنما، راسپاردەکانی ئایینی و عورفی ئێزدییاتی، بۆیە ئێمە دانپێدان و مامەڵەی لەگەل ناکەین، چونکە دانانی میرێک بو ئێزدییەکانی عێراق و جیهان رێنما و رێسای تایبەتی ئایینیی ھەیە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان گوتیشی، "ئێستا میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدییە لە کوردستان و جیھان و بەپێی رێسای ئایینی و کۆمەڵایەتی کوردانی ئێزدی دەستنیشانکراوە." 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە