پارتێکی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکشێتەوە

14-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی پارتی داعی بەهۆی کوشتنی دامەزرێنەری پارتەکەوە لە بەغدا کشانەوەی ئەو پارتەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق راگەیاند و داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و وردیش بۆ دۆزینەوەی بکوژان دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، سەعد جاسم تمێمی، ئەمینداری گشتیی پارتی داعی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناکرێت بە رۆژی نیوەڕۆ و لەبەرچاوی خەڵک، سەرۆکی پارتێکی سیاسی لەنێو جەرگەی پایتەختی عێراق تیرۆر بکرێت و حکومەت هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەبێت، بەتایبەت لەکاتێکی هەستیاردا کە بانگەشەی هەڵبژاردن هەیە. بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین کە وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر بەو بێباکی و بێخەمییەی حکومەت لە هەڵبژاردن بکشێینەوە".
 
سەعد تمێمی گوتی، چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکە ئاشکرا بکرێت و رایگەیاند، "چەکی بێمۆڵەت یەکێکە لە گەورەترین ئەو کێشانەی عێراق بە دەستییەوە دەناڵێنێت. شەهیدی دامەزرێنەرمان چەندین جار داوای لە حکومەتی عێراق کرد سنوورێک بۆ هەڵگرتنی چەک دابنرێت و هیچ هێز و چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە نەمێنێت".
 
پارتی داعی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەشت بەربژێری هەبوو؛ 4 بەربژێریان لە پارێزگای بەغدا و 4 بەربژێرەکەی دیکەیان لە پارێزگای دیالە. 
 
ئەمینداری گشتی پارتەکە رەخنەی تووندی لە حکومەتی عێراق گرت و گوتی، "لە ئاست ئەو تیرۆرە سیاسییەی بەرامبەر دامەزرێنەری پارتەکەمان کرا زۆر بێدەنگە".
 
رۆژی 7-12-2023، لە شەقامی ئیبن مەنزووری ناوچەی تاجیاتی بەغدا، دوو چەکدار بە سواری ماتۆڕسکیلێک، تەقەیان لە فازڵ مەرسوومی، دامەزرێنەری حیزبی داعی کرد و کوشتیان.
 
مەرسوومی بانگەشەی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکرد. بەشێک لە شیعەکان بە پیاوێکی "گومڕا" ناویان دەبرد.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە رۆژانی 16 و 18ـی ئەم مانگە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بکرێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەنگدانی گشتی دەیانگرێتەوە؛ 1 ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەریش دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت