رووداو - هەولێر
ماڵپەڕی الحدس (العربیە) بڵاویكردووەتەوە كە بۆ یەكەمجار لە عێراق ئافرەتێك دەبێتە سەرۆك هۆز. وەك ئەو ماڵپەڕە دەڵێت ئافرەت بە درێژایی مێژوو ناوبانگی هەبووە لە كارە مەیدانییەكانی وەك بەكارهێنانی شمشێر و چەكی سەردەمانی پێشوو و بەشداریكردنی لە رووبەڕووبوونەوەكان، بەڵكو زۆربەی نووسەران بە سوار و شاعیر ناویان بردوون.
بەڵام بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراق ئافرەتێك ببێتە سەرۆك هۆز،و ئەو نازناوەی بدرێتێ كە بە درێژایی تێپەڕینی چینەكان و سەردەمەكان ئەو نازناوە تایبەتبووە بە پیاوان و لە نێو پیاوانیش پیاوی خاوەن كەسایەتی، لەمە سەرسووڕهێنەرتر ئەوەیە بە ناسنامەی دەرچوو لە لایەن ئەنجوومەنی هۆزەكانی عێراق نازناوەكەی پێدراوە.
چیرۆكی ئەم ئافرەتە:
ناوی ئومەیمە ناجی الجبارەیە، پیشەی راوێژكاری پارێزگاری سەلاحەدینە ( تكریت) بۆ كاروباری ئافرەتان و چاودێری كۆمەڵایەتی، لەو رۆژەی چەكدارانی ( داعش ) دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرت، وەك كوللەی هاوینان خشەخشیان خستە نێو شاری تكریت، ئەم ئافرەتە شانبەشانی پیاوانی هۆزەكەی و سەربازانی ناوچەكە چەكی هەڵگرت و جیاوازی نەكرد لە نێوان شەو و رۆژ.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی فەرمی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق گوتی، لە شەڕێكی قورس لە نێوان چەكدارانی داعش و هۆزەكانی ناوچەكە و پۆلیس، حەوت لە چەكدارانی داعش كوژران و راوێژكاری پارێزگای سەلاحەدینیش گیانی لەدەستدا. ئامەژەشی بەوەكرد كە بەناوی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەكەی و هۆزەكەی دەكات.
كۆمسیۆنی باڵای ماڤی مرۆڤ لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد كە شێخە ئومەیمە لە گەڵ چەكدارانی هۆزەكەی لە بەرگریكردن لە شارەكەیان بەردەوامبوون، بۆیە كاتێك چەكدارانی داعش ئەم هەواڵەیەن زانی، هەستان بە بۆردوومانكردنی ناوچەكە بە خەستی و بەهۆشیەوە شێخە ئومەیمە گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ