رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق و ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەبارەى چارەسەرى داخستنى کەمپى ئاوارەکان کۆدەبنەوە کە 30ى تەممووز وەک دوایین کات دیاریکراوە. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە کاتەکەی درێژ بکرێتەوە.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: وەزارەتەکەى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی داخستنى کەمپى ئاوارەکان و ئەگەر هەیە کۆبوونەوەکە هەفتەى داهاتوو لە بەغدا بکرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە بەر لە دوو هەفتەیە لە دوایین وادە کە حکومەتى فیدراڵى دیاریکردووە بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکان کە 30ـی تەممووزە.
عەلى جیهانیگر رایگەیاند، وەزارەتەکەى چەند پرسێک لەو کۆبوونەوەیە دەخاتەڕوو، لەوانە، رێگەدان بە تیمەکانیان بۆ چوونە نێو کەمپى ئاوارەکان و گرنگى لەپێشینە بدرێت ئەو ئاوارانەى خۆویستانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە. "درێژکردنەوەى وادەى داخستنى کەمپەکان یەکێکە لە ئەگەرەکان."
11ـی تەممووز، کەمپى ئاوارەکانى ئاشتى لە پارێزگاى سلێمانى داخرا، دواى ئەوەى سەرجەم ئەو ئاوارانەى تێیدا بوون گەڕانەوە زێدى خۆیان، بەڵام لە کەمپەکانى هەولێر و دهۆک نزیکەى 30 هەزار خێزانى ئاوارە هەن کە نەگەڕاونەتەوە.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لە کاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى، چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤزیۆنێکیان پێدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ