رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بوون لە هەوڵەکانیاندا بۆ بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە، سەرەڕای ناڕەزایەتی شیعە و سوننەکان. بەڵام هەر توانییان بەشێک لە ئەندامانیان قایل بکەن و دەنگی پێویستیان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەدەست هێنا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پیرۆزبایی لە گشت خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە دەکات و دەڵێت: "ئەو بەڵێنەی کە دابوومان، گەیاندوومانە سەر. نامەوێت ئەوەم بیر بچێت کە بەڕێز سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ پەیوەندی کرد کە دەبێت ئەو بابەتە تەواو بکرێت. بەداخەوە بەشێکیان هەم سەرۆکایەتی و هەم پەرلەمانیشیان بەجێ هێشت، بەڵام توانیمان دەنگی لەسەر بدەین و دانیشتنەکەش زۆر یاسایی بوو. پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە دەکەین."
هێشتا هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە دژایەتیی خۆیان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەردەبڕن، بە بیانووی ئەوەی کە رێژەی یاسایی لە کاتی دەنگدانەکەدا تەواو نەبووە. لە بەرامبەردا، پەرلەمانتارانی کورد پێداگری لەوە دەکەن کە لە رووی یاساییەوە پرۆسەکە کۆتایی هاتووە و هەڵەبجە ئێستا پارێزگایە.
موسەنا ئەمین، نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "پیرۆزە لە هەموو خەڵکی کوردستان، نەک تەنیا هەڵەبجەییەکان، چونکە ئەمە داننانە بە جینۆسایدی میللەتی ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان. چونکە بۆ هەڵەبجە دەکرێتە پارێزگا؟ خۆ ئەگەر لەسەر بنەمای دیکەی وەکو جوگرافی و دانیشتووان بێت، شوێنی دیکەش هەن بکرێنە پارێزگا. بەڵام بۆ هەڵەبجە دەکرێت لەبەر ئەوەی جینۆساید کراوە. ئەمە زۆر زۆر گرنگە. هیوادارم ئەم دەستکەوتە دەستکەوتی دیکەی بەدواوە بێت."
چرۆ حەمە شەریف، نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە باس لەوە دەکات کە "تەمەنا دەکەم کورد هەموو جارێک وەکو ئێستا یەکدەنگ و یەکڕەنگ بین. گەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بین لەو یەکدەنگییە، دەتوانین هەموو ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە پەرلەمانی عێراق هەمانە تێپەڕێنین."
لە ساڵی 2013، نێچیرڤان بارزانی نووسراوی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی بۆ حکومەتی عێراق نارد. هەر لە هەمان ساڵدا حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی. لە ساڵی 2014 ش لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە درا. دوای 10 ساڵ، لە 2023، محەممەد شیاع سوودانی رەشنووسەکەی پەسەند کرد، و رۆژی 14ـی نیسان پەرلەمانی عێراق بە یاسایی هەڵەبجەی کرد بە پارێزگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ