عێراق و بەریتانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران رێککەوتن

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەریتانیا کۆبوونەوە و دەڵێن، رێککەوتن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت بکرێنەوە کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە. هەروەها گفتوگۆیان کردووە لەبارەی هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.
 
دوای کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئێوارەی سێشەممە 14-01-2025 راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
 
پرسی کۆچ و تاوانی کۆچی رێکخراو
 
هەردوو سەرۆکوەزیران دەڵێن، پابەندن هاوکاریی بواری کۆچبەریی نێوان عێراق و بەریتانیا بەهێز بکەن، کە گرنگییەکی قووڵی ستراتیژیی هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی ناڕێکخراودا.
 
حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەو بابەتە لە ریشەوە چارەسەر بکات و ئەو عێراقیانەی لە بەریتانیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە، جارێکی دیکە تێکەڵ بە کۆمەڵگەیان بکاتەوە.
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا هەردوو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە، رێککەوتوون بە زووترین کات ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت بکرێنەوە، کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە.
 
ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای سەردانی ئەم دواییانەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ عێراق بووە. لە سەردانەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور، بەشێوەیەک کە بەریتانیا هاوکار بێت لە دەرکردنی یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی تاوانی رێکخراو، کە قاچاخی بە مرۆڤەوە دەکەن.
 
سوودانی و ستامەر دەڵێن، پێویستە رێگە لە قاچاخیکردنی مرۆڤ بگیرێت، کە ژیانی خەڵکێکی زۆریان خستووەتە مەترسی؛ بەهێزکردنی ئاسایشی سنووریش بەشێکی سەرەکیی هەوڵەکانیانە.
 
ئەزموونی بەریتانی رۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ ئەو کارە، لەندەن پێویستی و کەلوپەلی گەیاندن و تەکنەلۆژیای سنوور دابین دەکات، مەشق و راهێنانیش بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەکات.
 
هاوکات هەردوو سەرۆکوەزیران، پەسنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم دەکەن، بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیاکە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە عێراقدا دەکات.
 
پرسەکانی بازرگانی، ئابووری و وەبەرهێنان
 
ستامەر و سوودانی رێککەوتنی هاوبەشی و هاوکارییان واژۆ کردووە و بە "مێژوویی" ناوی دەبەن؛ کە رێککەوتنێکی فراوانە سەبارەت بە هاوکاریی بازرگانی، ئابووری و ستراتیژی. پاکێجێکی بازرگانی رێککەوتنی لەسەر کراوە، کە بەهاکەی 12.3 ملیار پاوەندە.
 
فراوانکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان سەرۆکوەزیرانەکاندا باس کراوە و رێککەوتوون سوود لە ئەزموونی کەرتی تایبەتی بەریتانیا وەربگیرێت لە بوارەکانی ژێرخانی ئاو، وزە، گەیاندن و بەرگریی.
 
هەروەها هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی لە ئاییندەشدا پرۆژەکانی وەبەرهێنان بکرێت لە کەرتەکانی وزەی پاک، دەرمان، خزمەتگوزاریی لۆجستی و خزمەتگوزاریی دارایی؛ ئەو کارەش لە رێگەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پارەدانی هەناردەکردنی بەریتانی (UKEF) دەکرێت، بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت و تەرخانکردنی پارە لە عێراقدا.
 
هەردوو سەرۆکوەزیران پەسنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم-یان کرد، بۆئەوەی کۆمپانیاکە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە عێراقدا بکات، کە بەم دواییانە راگەیێندراوە.
 
ئەو پرۆژانەی کە کۆمپانیا بەریتانییەکان لە عێراق دەیکەن بریتین لە:
 
- لابردنی مین، نۆژەنکردنەوەی بنکەی ئاسمانیی گەیارە، پرۆژەی ئاو، باشکردنی کواڵیتیی ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان، دابینکردنی ئاوی پاک بۆ باشوور و رۆژئاوای عێراق و پرۆژەی ئاوی بەسرە.
 
- هەروەها بەستنەوەی تۆڕی کارەبای نێوان عێراق و سعودیە، بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و دانانی تۆڕی 5G.
 
- پرۆژەکانی هێڵی ئاسنی، قۆناخی دووەمی پرۆژەی ئاوی حلـلە، ئاوەڕۆی بەغدا، دابینکردنی 62 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بۆ عێراق، لەگەڵ ئامێرەکانی لاسلکی و تەکنەلۆژیای سنوور.
 
پرسی ئاسایش و بەرگری
 
سوودانی و ستامەر لەسەر پەیوەندیی بەرگری و ئەمنیی ستراتیژیی دوولایەنە رێککەوتن، ئەوەش دەبێتە بناخەی سەردەمێکی نوێ لە هاوکاریی ئەمنیدا، رێگەش خۆش دەکات بۆئەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لە داهاتوودا قووڵتر ببنەوە.
 
ئاڵوگۆڕی خوێندنی سەربازی، دابینکردنی راوێژکاری بەریتانی بۆ بواری بەهێزکردنی تواناکان و چاکسازیی دامەزراوەکان و بەهێزکردنی پیشەسازیی بەرگری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق.

کورد لە دوایین ساڵی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا چاوی لە پەسندکردنی سێ پرۆژەیاسایە

ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت، سێ پڕۆژەیاسا بۆ کورد گرنگن کە دووانیان تەنیا دەنگدان لەسەریان ماوە، لەگەڵ ئەوەى بەڵێنى تێپەڕاندنیان دراوە، بەڵام ئەندامێکى لیژنەى یاسایى دەڵێت، "هیچ گەرەنتییەک نییە" لەم خولەدا تێپەڕێندرێت.