ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەندامانی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە کۆدەبنەوە بە مەبەستی چوارەم هەوڵیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و شکاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییە یەک ساڵەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، کە بەهۆیەوە تووندوتیژیی کوشندەی لێکەوتووەتەوە و کێشە ئابوورییەکانی قووڵتر کردووەتەوە.
عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت، هێشتا نەیتوانیوە حکومەتی نوێ پێکبهێنێت، لەدوای زیاتر لە ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، ئەو هەڵبژاردنەی بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان دژی گەندەڵی و زۆربوونی رێژەی بێکاری و خراپبوونی ژێرخانی وڵات، پێشخرا.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق - یونامی رایگەیاند، "درێژەکێشانی ئەو قەیرانە، ناسەقامگیریی زیاتر بەرهەم دەهێنێت"، لە وڵاتێکی برینداری دەستی جەنگ، هۆشدارییش دەدات کە "سیاسەتی دابەشکاری، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێهیوابوونێکی تاڵ لەنێو خەڵکدا."
کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ دیاریکرابوو بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە لەو باڵەخانەیەی نێو ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کە ناوچەیەکی پڕ پاسەوان و هێزە بەهۆی بوونی چەندین باڵەخانەی حکومی و هەروەها نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و لەم دواییەشدا بووە شوێنی چەندین خۆپێشاندانی گەورە و خوێناوی؛ بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو کۆبوونەوەکە دوو کاژێر دواخراوە.
پەرلەمانتاران لە سێ هەوڵی رابردوودا لە مانگەکانی شوبات و ئاداری ئەمساڵدا، سەرکەوتوو نەبوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ و تاوەکو نەگەیشتنە تەواوکردنی رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە کە لە کۆی 329 ئەندام، پێویستە 220 ئەندام ئامادە بێت.
دامەزراوە دیموکراسییەکانی عێراق کە لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2003 بونیاتنران، هێشتا دامەزراوەی ناسکن و ئێرانیش هەژموونێکی گەورەی بەسەر دراوسێکەیدا هەیە.
لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، عێراق بێجگە لەوەی بەبێ حکومەتێکی نوێ بووە، بەڵکو بەبێ بودجەش بووە و بەمەش بە ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوت راگیراون و رێگری لە ریفۆرمە پێویستەکان و پرۆژەکانی بەهێزکردنی ژێرخان کردووە.
40 بەربژێر هەن، بەڵام تەنیا سیانیان چانسی سەرکەوتنیان هەیە
لایەنە سیاسییەکانی شیعە رکابەرایەتی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی هەژموون و ماف بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ و پێکهێنانی حکومەت، کە تائێستا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران، وەکو سەرۆکوەزیرانێکی کاربەڕێکەر ماوەتەوە.
لە لایەک موقتەدا سەدری تووڕە هەیە، کە دەیەوێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنێکی نوێ بەڕێوەبچێت؛ لە بەرامبەردا، لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، هاوپەیمانییەکە لەو لایەنە شیعانە پێکهاتووە کە نزیکن لە ئێرانەوە و بەرپرسانی پێشووی حەشدی شەعبیشی تێدایە، کە ئەوانیش دەیانەوێت حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت.
ئەم چەقبەستووییە سیاسییە وایکردووە هەردوو بەرە خۆپێشاندان بکەن کە لە هەندێک کاتدا بووەتە هۆی ئەوەی پێکدادانی خوێناوی لە شەقامەکانی بەغدا رووبدات.
لە 29ی ئابدا، گرژییەکان تەقینەوە و کاتێک لایەنگرانی سەدر و گرووپەکانی نزیک لە ئێران لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لە ئەنجامیشدا زیاتر لە 30 کەس لە لایەنگرانی سەدر کوژران.
وەکو نەریتێکی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆککومار هەمیشە بۆ کورد بووە و لەنێو کوردیش لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە ئەو پۆستە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
حەمزە حەداد، لێکۆڵەر لە سەنتەری تینک تانکی ئەنجوومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "هێشتا دیارنییە لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەسەر پرسی سەرۆککۆمار رێککەوتبن."
لەنێو ئەو 40 بەربژێرە، چەند بەربژێرێکی سەرەکی هەن لەوانەش: بەرهەم ساڵحی تەمەن 61 ساڵ، سەرۆککۆماری ئێستا و بەربژێری یەکێتی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە و پارتیش وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەدی تەمەن 54 ساڵ بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا لەتیف رەشیدی تەمەن 78 ساڵ، کە وەزیری پێشووتری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بووە.
رۆژی چوارشەممە، 12ی تشرینی یەکەم، فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشوازی لە دەستپێشخەریی پارتی دەکەن، بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و پشتیوانیکردن لە عەبدولـلەتیف رەشید، وەکو بەربژێری هاوبەشی پارتی و یەکێتی، بەڵام هێشتا پێشبڕکێکە کراوەیە.
لەوبارەیەوە، لەهیب هیگڵ، شرۆڤەکاری سیاسی لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت، "هەر سەرۆککۆمارێک، کە بەربژێری سەرەکیی ئەو دوو پارتە سەرەکییە کوردییە نەبێت، ناتوانێت پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێز بکات."
رۆژی پێنجشەممە، چەند ئەندام پەرلەمانێکی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداو-یان راگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ بە لەتیف رەشید بدەن و بەربژێرەکەی خۆیان کە رێبەر ئەحمەدە، لە پێشبڕکێکە دەکشێننەوە.
هەنگاوی دواتر
لە ئەگەری هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، هەنگاوی دواتر ئەوە دەبێت کە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانی نوێ دیاریدەکات کە لەلایەن گەورەترین هاوپەیمانیی نێو پەرلەمان دیاریدەکرێت و پاشان پرۆسەی قورسی دانوستاندنەکان دەستپێدەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
حەداد لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە رایگەیاند، "ئەوەی چاوەڕوانکراوە، هەر کەسێک دیاریبکرێت، راستەوخۆ سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێرێت و رایدەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ."
بەربژێری سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێ، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە کە ئەویش محەممەد شیاع سوودانی-ی تەمەن 52 ساڵە.
حەداد پێیوایە، سوودانی زۆرترین ئەگەری هەیە ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێ، بەڵام هەروەکو راشیگەیاند، "لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، ئەگەر هەیە تاوەکو دوا خولەکیش هەموو شتێک بگۆڕدرێت."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە هاوپەیمانێتییەکی نزیک لە ئێرانە، لە ئەندامانی هاوپەیمانیی فەتح و نەیاری سەرسەخت و لەمێژینەی سەدر، نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، پێکهاتوون.
لە مانگی تەممووزی رابردووش کاتێک سوودانی وەکو بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریکرا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و باڵەخانەی پەرلەمان.


.jpeg&w=3840&q=75)

