شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی عێراق دەکات

13-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی عێراق بکات و کۆبوونەوەی لوتکە بکرێت. پرسی ئەمنی، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەناردەکردنەوەی نەوت مژاری کۆبوونەوەکان دەبن.
 
رۆژی چوارشەممە، 13-3-2024، ئۆنجو کەجەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت لە "لوتکەیەکی ئاسایش"ـدا لە بەغدا، لەگەڵ هاوتاکانیان کۆدەبنەوە.
 
کەجەلی دەڵێت، "برەودان بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو هەنگاوە کردەییانەی دەتوانرێ لەو رووەوە بنێردرێن، مژاری گفتوگۆکان دەبن".
 
ئەو گوتەبێژە گوتیشی، "سەیرکردنی PKK وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی هاوبەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە، ئاماژەیەکە کە ئارەزووی بەرەنگاربوونەوەی PKK لە عێراق برەو دەسەنێت و ئێمەش پێشوازیی لێدەکەین."
 
ئۆنجو کەجەلی گوتیشی، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت [ـی هەرێمی کوردستان]ـیش لە رێگەی بۆریی نەوتی جەیهانەوە یەکێکی دەبێت لەو مژارانەی لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ دەکرێت.
 
کەجەلی باسی لەوەشکرد، "تشرینی یەکەمی رابردوو گوتمان کە دەتوانرێ نەوت بە بۆریی جەیهان بڕواتەوە و، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام تێدەگەین کە لایەنی عێراقی هێشتا ئامادە نییە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێت، "دەمانەوێت هەموو لایەنەکانی عێراق بگەنە رێککەوتنێک لە چوارچێوەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە".
 
بە گوتەی ئۆنجو کەجەلی، بەرپرسان لە کۆبوونەوەکانیان باس لە هاوئاهەنگی لە بواری گاز و وزەی نوێ و، هەروەها سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش بۆ بەغدا دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت بەهاری ئەمساڵ بێت".
 
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بە گوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، عەلى عەبدولستار، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر هەیە لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە، 12-02-2024، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پێشڤەچوونی بەخۆوە بینیوە.
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە سەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕەوی راستن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە داهاتوویەکی نزیکدا.
 
لە دوایین پێشهاتیشدا، رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور بە پێگەی Insightـی بەریتانی راگەیاند، "ئێمە پێویستیمان بە دەستبەجێ کردەی کۆنگرێس هەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی عێراق ئاگادار بکەنەوە کە دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و رێگە بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بدات."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە