درووشمی هێڵى ئاسمانیی عێراق: نا بۆ کۆچبەرى نایاسایی، روومەتى خۆت لە وڵاتە

13-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێڵى ئاسمانیى عێراق بڕیاریدا درووشمى "نا بۆ کۆچبەرى نایاسایی، روومەتى خۆت لە وڵاتە" بخرێتە سەر تیکت و کارتى چوونە نێو فڕۆکە.
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى نێوان عەباس عومران موسا، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى پلاندانان و بەدواداچوونى سەر بە وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بوو لەگەڵ مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەرى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى هێڵى ئاسمانیی عێراق، بەڕێوەبەرى گشتى ئەو هێڵە فەرمانیداوە بەوەى درووشمى"نا بۆ کۆچبەرى نایاسایی، روومەتى خۆت لە وڵاتە" کە درووشمى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانە، بخرێتە سەر تیکتى فڕۆکە و کارتى چوونى گەشتیاران بۆ نێو فڕۆکەکانى سەر بەو هێڵە.
 
ئامانج لەو فەرمانە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهێزکردنى هۆشیاریى گەشتیاران و کارمەندانى هێڵى ئاسمانی و دانانى پلانێکە بۆ بنەبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە رێگەى مەشقپێکردنى کارمەندان لەسەر چۆنێتیى ئاشکراکردنى دۆخە گومانلێکراوەکان و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ فەراهەمکردنى ژینگەى گەشتێکى ئارام و بەرپرسانە.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەو رێکارانە کراوە کە دەگیرێنەبەر بۆ گەرەنتیکردنى باشترین هەڵسەنگاندن، لەگەڵ مەشقکردنى سەرجەم جومگەکانى هێڵى ئاسمانیى عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مادە کیمیاییەکان و شێوازى گواستنەوە و هەڵگرتنى مادە مەترسیدارەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە