رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا پرسە بۆ ئەو دوو بەڵێندەرە عەرەبە دانراوە کە رۆژی شەممەی رابردوو لە سلێمانی کوژران. کەسوکاری کوژراوەکان داوای خوێنی رۆڵەکانیان دەکەن.
غەیس ئەحمەد، برای یەکێک لە کوژراوەکانە، دەڵێت: "براکەم بینی شەش گولـلەی لێدرابوو، جاسمیشی لەگەڵ بوو سێ گوللـەیان لێدابوو، دوو لە قاچی ئەوانی دیکەش لە سەر و نێوچاوانی درابوو. لەم شتە بێدەنگ نابین و داوای مافی خوێنی خۆمان دەکەین."
دوای ئەوەی کەسوکاری کوژراوەکان بە رووداوی کوژرانەکە دەزانن، بەپەلە لە بەغداوە بۆ سلێمانی بەڕێدەکەون بۆ هێنانەوەی تەرمی کوژراوەکان، بەڵام لە رێگە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ دەبن، کەسێکی دیکەی هۆزی تەمیم گیان لەدەستدەدات.
موهەند عەلی، ئامۆزای یەکێک لە کوژراوەکانە و باس لەوە دەکات، "لە رێگەدا پێچ هەبوو، ئێمە شارەزا نەبووین فریای سوڕانەوە نەکەوتین، کەوتینە سەر تەپۆڵکەیەک، هیچ تابلۆیەکی لێ نەبوو، کەوتینە سەر تەپۆڵکەکە و ئۆتۆمبێلەکەمان سوڕایەوە و وەرگەڕا و کەوتە سەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە، ئێمە چوار کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بووین، کوڕی پوورم شۆفێر بوو، ئامۆزاکەم لە دوامەوە بوو لە شوێنی خۆی گیانی لەدەستدا، منیش قەفەسی سنگم شکا، خەڵک ئێمەیان دەرهێنا و بردیانین بۆ نەخۆشخانە."
هەردوو هۆزی تەمیم و دلێم نیگەرانن لەوەی بکوژ تائێستا دەستگیر نەکراوە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بکوژ بە سزای یاسایی خۆی بگات و داڵدە نەدرێت.
شێخ موسڵح تەمیمی، سەرۆکی هۆزی تەمیم رایگەیاند، "رۆڵی ئێمە هێورکردنەوەی هۆزەکەمانە لە پێش هەموویانەوە شێخ عەمبەر، داوایان لێدەکەم خۆیان بگرن بەبێ هەڵچوون تاوەکو مافەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها چاوەڕێی قسەی دادگەی کوردستانین بەتایبەتی سلێمانی لە بەرامبەر ئەو رووداوە ناشرینە."
دوو بەڵێندەرەکە بۆ بردنی بۆڕیی زێراب سەردانی سلێمانییان کردبوو، جاسم فەهداوی تەمەنی 40 ساڵ بوو، خێزاندارە و خاوەی حەوت منداڵە. لەیس ئەحمەدیش تەمەنی 30 ساڵ بوو، خێزاندارە خاوەنی دوو کچ و کوڕێکە.
لەیس بەر لەوەی کە لە سلێمانی بگەڕێتەوە، بەڵێنی بە کچە 12 ساڵانەکەی دابوو لەگەڵ خۆی دیارییەکی بۆ بهێنێتەوە، بەڵام لەبری دیاری تەرمی لەیس بەدەستی کەسوکارەکەی لە بەغدا درایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ