نێچیرڤان بارزانی و مالیکی هاوڕا بوون لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم وڵات.
 
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13-01-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانيی دەوڵەتی یاسا كۆبووه‌وه‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بەهێزکردنی هاوبەشيی نیشتمانی و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدايان بەپێی دەستووری عێراق تاوتوێ کرد؛ لەوباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی پابەندبوون بە دەستوور بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی هاوڕا بوون لەسەر پێویستيی لێكگه‌يشتن، بەهێزکردنی دیالۆگی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقييه‌كاندا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م وڵات.
 
لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان لە پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌تايبه‌تى دۆخى سووريا كرد؛ تيشكيان خسته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌ و، له‌وباره‌يه‌وه‌ داكۆكييان لەسەر گرنگيی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات كرده‌وه‌.
 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 12-01-2025 نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرد، دواتر پێکەوە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە