رووداو - بەغدا
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیری دارایی دەکات، بۆئەوەی ئەو ناڕوونییەی لە ناردنی مووچەی مانگی شووبات و ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، روونی بکاتەوە.
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سبەی ئەم بابەتە یەکلایی دەکەینەوە، بابەتی هەژماری ئەلیکترۆنی بۆ هەرێم و ئاستەنگەکانی و چارەسەریەکانی و پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەموو ئەمانە سبەی باس دەکرێن لە کۆبونەوەکە. بە دڵنیاییەوە دەرناچین تاوەکو نەگەینە ئەنجامێکی باوەڕپێکراو، چونکە بەدوای کێشەدا ناگەڕێین، بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین."
وەزارەتی دارایی عێراق دادگەی فیدراڵیی ئاگادار کردووەتەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مانگی ئادار نانێرێت ئەگەر لەڕێی هەژماری بانکییەوە نەبێت، بەو جۆرەش دروستکردنی هەژماری بانکی کاتێکی زۆری پێویستە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوانییە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا بابەتەکە تەواو بکات و دەڵێت، "زیاتر لەم کاتەی دەوێت."
پەیامنێری رووداو لێی پرسی، "ئەی چارەسەر چییە؟" موعین کازمی لە وەڵامدا گوتی، "چارەسەر ئەوە دەبێت کە پارەدارکردنەکە درێژبکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەژمارە بانکییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو دەبێت، دواتر دەخرێنە سەر بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق."
رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 568 ملیار دیناری بۆ مانگی شووباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، جگە لە هێزە ئەمنییەکان، خەرج کرد.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای "سۆمۆ" کردووە، هەڵوێستی خۆیانی پێ رابگەیێنن سەبارەت بەوەی تاوەکو چەند هەرێمی کوردستان پابەندی مادەکانی 11 و 12ی یاسای بودجە بووە. داواشیان کردووە 25ی هەموو مانگێک بە راپۆرتێک وردەکارییەکانیان بۆ بنێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ