رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق نەخشەڕێگایەکی 11 خاڵی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سووریای دوای رژێمی بەشار ئەسەد راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا گەیشتنە دیمەشق و رژێمەکەی بەشار ئەسەدیان رووخاند، بەمەش سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتە دەستپێکرد.
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا هەیە. حکومەتی عێراق یەکێک بوو لە پشتیوانەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، چەندین گرووپی چەکداری شیعە بۆ شەڕی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی رژێمەکەی ئەسەد لە سووریا بوون.
ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق بە دیاریکراویش شیعەکان بە نیگەرانی و ئاگاییەوە لەو پێشهاتانەی ئێستای سووریا دەڕوانن. شیعەکان ئەو گۆڕانەیان بەدڵ نییە، بەڵام مامەڵەشی لەگەڵ دەکەن.
دوێنێ سێشەممە لەسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا ئاڵای پەسندکراوی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەڵکرا. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی سووریا، حکومەتی عێراق نەخشەڕێگایەکی ئامادەکردووە، کە 11 خاڵی لەخۆگرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق نێوەڕۆکی نەخشەڕێگاکەی ئاشکراکرد، کە بریتییە لە:
یەکەم: عێراق دەست لە کاروباری ناوخۆی سووریا وەرنادات. هەڵوێستی سەروەریی نیشتمانی بۆ بڕیاری سووریاییەکان جێدەهێڵێت، ئەمان بڕیار لە چارەنووسی وڵات و داهاتوویان دەدەن. عێراق دەستوەردانی سەربازی ناکات، بە هیچ شێوەیەکیش دژی ویستی گەلی سووریا نابێت.
دووەم: عێراق "چڵە زەیتوون" بۆ دۆخی سووریای نوێ هەڵدەگرێت. ئامادەیە باشترین و پتەوترین پەیوەندیی سیاسی، ئابووری و بابەتی دیکەی لەگەڵ سووریا هەبێت، ئەوەش لە سەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەکانی برایەتی، دراوسێیەتی و پتەوکردنی کاری عەرەبیی هاوبەش.
سێیەم: عێراق پلانی وەبەرهێنانی هەیە بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەو پێودانگەی جوگرافیای سووریا نزیکترین ئاراستەیە بەرەو دەریای سپیی نێوەڕاست بۆ گواستنەوەی وزە و هاوردەکردن لە ئەورووپاوە. داهاتووی کاری وەبەرهێنانی نێوان دیمەشق و بەغدا درەوشاوە و سوودبەخشە بۆ هەردوو وڵات.
چوارەم: عێراق دەستوەردانی نەرێنی رەتدەکاتەوە، کە کار لەگەڵ لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکەی سووریا بکرێت، یاخود پشتیوانی کۆمەڵەیەکی سیاسیی، یاخود پێکهاتەیەک لە دژی ئەوانی دیکە بکرێت. عێراق کار بە دۆخی (دەستوەردانی ئەرێنیی) دەکات. کاردەکات وەک برا و دراوسێ هاوکاری دەوڵەتی سووریا بێت کە کۆکەرەوەی هەموو سوورییەکان بێت، لەسەر حکومەتێک رێکبکەون، پشتیوانی جەماوەری، سیاسی و رەزامەندی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەبێت.
پێنجەم: عێراق هیچ میحوەرێکی هەرێمیی بەسەر میحوەرەکەی دیکە نادات بۆ کاریگەری خستنەسەر سووریا. لەگەڵ هیچ پرۆژەیەکی دەرەکی نییە بۆ کەمەندەکێشکردنی هەژموون لە سووریا لەسەر حیسابی بڕیاری گەلی سووریا.
شەشەم: پرۆژەی عەرەبی کۆکەرەوەیە، نەخشەڕێگای عێراقە بۆ داهاتووی سووریا. جووڵەکانی عێراق راست و هاوکات لە ژێر چەتری سیستمی عەرەبی دەبێت. دەبێتە ئامرازێکی پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبیی کارا بۆ گەیشتن بە بڕیار و هەڵوێستی عەرەبیی کۆکەرەوە و گشتگیر بۆ پشتیوانیی سووریا و گەلەکەی.
حەوتەم: هەروەک چۆن لە رابردوودا عێراق لە بڕیارەکانیدا سەربەخۆ بوو، کە دەستوەردانی هەرێمیی لە کاروباری سووریای رەتکردووەتەوە، عێراق هیچ پرۆژەیەکی هەرێمیی بەسەر ئەوەی دیکە نادات بۆ سووریا. فاکتەرێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ نزیکردنەوەی میحوەرەکانی هەرێمی و کاریگەرییەکانی سەر خاکی سووریا.
هەشتەم: دۆخی سووریا زۆر پێویستی بە چاوێری و ئاگایی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. عێراق بە ئەزموونی خۆی لە 2003وە لەگەڵ ئەو پەیوەندییەی کە هەیەتی هانی نەتەوە یەکگرترووەکان و وڵاتی زلهێز و کاریگەر دەدات، کار لەگەڵ چالاکییەکانی سووریا بکەن و پشتوانی پێویستی سووریا بکەن و پارێزگاری لە دۆخەکەی بکرێت لە دەستوەردانی نەرێنی.
نۆیەم: عێراق خوازیارە باڵیۆزخانەکەی بکاتەوە، تیمی دیپلۆماسییەکەی زیاد بکات، کارەکانی تێدا چڕبکاتەوە، تاوەکو ببێتە میکانیزمی بەیەکەوە گرێدانی فەرمیی نێوان هەردوو وڵات.
دەیەم: عێراق بە هیوای هاوکاریی ئەمنیی خێرای نێوان بەغدا و دیمەشقە بۆ تۆکمەکردنی سنووری هاوبەش، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، پاراستی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی هەردوو وڵاتی برا. دەروازەکانی بازرگانی بکرێنەوە بۆ ئاسانکاریی جووڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری.
یازدەیەم: عێراق پێشوازی لە هەموو چالاکی و رەوتەکانی سووریا دەکات، ئامادەیە گوێ لە هەموو بیر و بۆچوونە جیاواز و ئاراستەکان بگرێت، لە رێگەی ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی لە دوای 2003وە هەیەتی ئامۆژگاری پێشکێش بکات. داوا لە هەمووان دەکات سوود لە ئەزموونی عێراق وەربگرن و ئاستەنگییەکان تێپەڕێنن، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەل و دەوڵەتی سووریای نوێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ