رووداو - مووسڵ
ئێواره‌یه‌كی مانگی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو، پاش رۆژێكی گه‌رمی مووسڵ، خالد ئه‌حمه‌د به خه‌یاڵی ئێواره‌یه‌كی ئارامه‌وه گه‌ڕایه‌وه ماڵ، به‌ڵام ماڵ چ ماڵ، نیوه‌ی به‌هۆی هێرشی ئاسمانیی هاوپه‌یمانانه‌وه بۆ كۆتاییهێنان به سێ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی داعش، وێران ببوو.
خالد، ته‌مه‌ن 54 ساڵ، هێشتا ماندوویێتی ئه‌و رۆژه‌ی له گیان ده‌رنه‌چووبوو كاتێك ده‌نگی ده‌رگا هات. كاتێك ده‌رگای كرده‌وه پیاوێك به چاویلكه‌ی خۆر و كاغه‌زێك له‌ده‌ستیدا له‌به‌ر ده‌رگای ماڵیان وه‌ستابوو. پیاوه‌كه ده‌یویست ماڵی بگوازێته‌وه بۆ گه‌ڕه‌كی زهوور له رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ و بۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به واژۆی خالد بوو.
خالد ئه‌و رۆژه‌ی له‌بیره و ده‌ڵێ: "ده‌موچاویم لێ دیار نه‌بوو، به‌ڵام به عه‌ره‌بی مووسڵاوی قسه‌ی كرد". كاتێك له‌گه‌ڵ پیاوه بێگانه‌كه قسه‌ی ده‌كرد، پێنج منداڵی ژنه‌كه‌ی كه له پیاوێكی دیكه‌ن، له ده‌وروبه‌ری كۆببوونه‌وه و دایكی منداڵه‌كانیش له ژووره‌وه خه‌ریكی كاری ماڵ بوو. باوكی ئه‌م منداڵانه له 2014 به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه له‌لایه‌ن داعشه‌وه كوژرا، تاكه تاوانیشی ئه‌وه بوو له پۆلیسی فیدراڵی عێراقدا بوو.
خالد به موختاری گه‌ڕه‌ك ده‌ستنیشان كرابوو، حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق له دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ له ئه‌یلوولی 2017 پێداچوونه‌وه‌ی وردیان به سیسته‌می موختاری شاره‌كه‌دا كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له موختاره‌كانی پێشوو ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردبوو. موختاره‌كان وه‌ك چاو و گوێی هێزه ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌ن و به‌رپرسیارن له پشكنینی ناسنامه‌ی هه‌ر كه‌سێك كه ده‌یه‌وێ له گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان نیشته‌جێ بێ. بۆیه‌ش هه‌ر كه‌سێك بیویستبایه له زهوور نیشته‌جێ ببێ، پێویستی به مۆری ره‌زامه‌ندیی خالد بوو.
پیاوه‌كه له بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو، داوای له خالد ده‌كرد وه‌ره‌قه‌كانی بۆ مۆر بكات، به‌ڵام خالد پێیگوتبوو كه ئه‌وه به‌رپرسیاریێتی ئه‌و نییه، ته‌نانه‌ت دوای پێشنیازكردنی به‌رتیلی 50 هه‌زار دیناریش، خالد هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانێ كاغه‌زه‌كانی بۆ واژۆ بكات.
خالد ده‌ڵێ: "دواجار وازی هێنا، به‌ڵام گوتی تینوویه‌تی و داوای ئاوی كرد". به‌ڵام رێك له‌و كاته‌دا پیاوه بێگانه‌كه ده‌مانچه‌یه‌كی ده‌ركێشا و گوللـەیهكی به‌سه‌ری خالده‌وه نا. خالد كه‌وته سه‌ر زه‌وى.
دایكی منداڵه‌كان كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێ، ده‌ستی بۆ ئه‌رزه كۆنكریتییهكه درێژ كرد و به (رووداو)ی گوت: "لێره گۆمی خوێن دروست ببوو. هه‌ستمان كرد ده‌مرێ". به‌ڵام گوللـه‌كه به‌رچاوی چه‌پی خالد كه‌وت و له گوێی راستییه‌وه ده‌رچوو. ته‌قه‌كه‌ره‌كه ده‌موده‌ست له شوێنه‌كه رایكردبوو.
خالد به په‌له ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كرا و به موعجیزه زیندوو مایه‌وه. ئه‌و له جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراقدا چاوێكی له‌ده‌ستدا بوو، ئێستاش به ته‌واوه‌تی نابینایه.
خالد یه‌كێكه له‌و ده‌یان موختاره‌ی مووسڵ كه له‌لایه‌ن شانه نوستووه‌كانی داعشه‌وه كراونه‌ته ئامانج، ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كه له ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی عێراق و سووریا كه پێشتر له ژێر چنگی داعشدا بوون، رووی له زیادبوونه.
خالد له كۆتاییه‌كانی مانگی نیسانی رابردوو قسه‌ی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "من خۆم پێنج موختاری دیكه ده‌ناسم كه یان كوژراون یان به‌هۆی هێرشی چه‌كداره سێبه‌ره‌كانی داعشه‌وه بۆ هه‌تاهه‌تایه كه‌مئه‌ندام بوون". هه‌ڵبه‌ت داعش خۆیشی نایشارێته‌وه كه هێرش ده‌كاته سه‌ر موختاره‌كان، سه‌رۆكهۆزه‌كان و ئه‌ندامانی میلیشیا سوننه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی.
.jpg)
هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە رۆژهەڵاتی موسڵ 21-1-2017، وێنە: فازڵ هەورامی/ رووداو
له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا كه ساڵی رابردوو بڵاوكرایه‌وه، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش به جلوبه‌رگی سوپای عێراقه‌وه ده‌رده‌كه‌ون كه خه‌ریكی كوشتنی موختاره‌كانی خه‌ڵكی دیاله و سه‌لاحه‌دینن. له نوێترین گرته‌ی ڤیدیۆییشدا كه له فه‌للوجه گیراوه، پێنج چه‌كداری داعش خۆیان ده‌كه‌ن به ناو خانوویه‌كدا كه 10 كه‌سی تێدایه و ده‌شێ سه‌ر به هێزه ئه‌منییه‌كان بن. 10 كه‌سه‌كه یه‌ك له دوای یه‌ك له ژووره‌كه ده‌بردرێنه ده‌ره‌وه و به ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ ده‌كوژرێن.
غانم عابد، شرۆڤه‌كاری سیاسی خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له لێدوانێكدا بۆ (رووداو) ده‌ڵێت، به ئامانجكردنی موختاره‌كان له عێراق شتێكی نوێ نییه، به‌ڵكو سرووشتی كاره‌كه‌یان، واته ئاگاداركردنه‌ی حكومه‌ت له هاتووچۆ و جموجۆڵی خه‌ڵك، وایكردووه موختاره‌كان هه‌ر له كۆنه‌وه ئامانجی ئه‌و گرووپانه بن.
غانم عابد گوتی: "هێرشكردنه سه‌ر موختاره‌كان له دوو مانگی یه‌كه‌می دوای ده‌ركردنی داعش له ناوچه‌كه ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی كوشتنی موختاره‌كان و چاندنی بۆمب له شوێنی نیشته‌جێبوونیان".
شانه نوستووه‌كانی داعش ده‌یانه‌وێ دوور له چاوی هێزه ئه‌منییه‌كان بێن و بچن، به‌ڵام موختاره‌كان كێشه‌یان بۆ دروستده‌كه‌ن. شرۆڤه‌كاره نهینهواییهكه له‌وباره‌وه گوتی: "داعش ده‌زانێ خاڵی لاوازی ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه موختاره‌كان، وه‌ك به‌شێك له ئه‌ركه ئیدارییه‌كه‌ی خۆیان، راپۆرتی شوێنگۆڕكێی چه‌كداره‌كان و خێزانه‌كانیان بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه".
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌ی مانگی نیساندا وێڕای به‌داخبوون بۆ شكستی داعش له باغۆز، داوای له لایه‌نگره‌كانی كرد په‌نا بۆ ته‌كتیكه كۆنه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوه‌كه به‌رنه‌وه كه تێیدا شانه نوستووه‌كانی ئه‌و رێكخراوه دهستوپهیوهندییهكانی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج، له‌وانه‌ش موختاره‌كان و سه‌رۆكهۆزه‌كان.
به‌غدادی له به‌شێك له په‌یامه‌كه‌یدا گوتی: "شه‌ڕی ئیسلام و په‌یڕه‌وانی ئیسلام له دژی خاچپه‌رستان و پهیڕهوهكانیان شه‌ڕێكی درێژه".
لای ناسر ئیدریس، موختارێكی دیكه‌ی دیوی رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ و ته‌مه‌ن 53 ساڵ، ژیانى ئێستای شاره‌كه زۆر له ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه باشتره كه تێیدا به‌غدادی به‌ناو خه‌لافه‌ته‌كه‌ی تێدا راگه‌یاند. چه‌كدارانی داعش برای ناسریان له‌سه‌ر هاوكاریكردنی هێزه ئه‌منییه كوردییه‌كان كوشتووه.
ناسر به (رووداو)ی گوت: "جاران ته‌كسیم هه‌بوو، به‌ڵام پاش ئازادكردنی مووسڵ 200 واژۆم كۆكرده‌وه، وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بپاڵێوم بۆ موختاری گه‌ڕه‌ك".
شه‌ش مانگی یه‌كه‌می پاش كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ شته‌كان باش ده‌ڕۆیشتن، ناسر ده‌یزانی شانه نوستووه‌كانی داعش چاودێریی ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت به نووسراویش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكرا. دواجاریش چه‌كدارانی داعش له شوبات و حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو هه‌وڵی كوشتنی ناسریان دا، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌شدا بۆمبی چێنراویان له ژێر كورسییه‌كه‌ی بۆ دانابوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی بیكوژن.
ناسر له‌باره‌ی هێرشه‌كانه‌وه گوتی: "له هێرشه‌كه‌ی شوباتدا 200 پارچه‌ی گه‌وره و بچووكی بۆمب له جه‌سته‌مدا بوو". له‌و هێرشه‌دا ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسیش كوژرا. ناسر هۆكاری هێرشه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندنه‌وه كه "من خه‌ڵكی باشم هه‌یه و له‌باره‌ی هه‌موو شتێكی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌وه ئاگادار ده‌كرێمه‌وه". به‌گوته‌ی ناسر له دیوی رۆژئاوای مووسڵ دۆخی موختاره‌كان زۆر خراپتره.
(رووداو) له كۆتاییه‌كانی نیسان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كرێكاری بیناسازی له رۆژئاوای مووسڵ قسه‌ی كرد. كرێكاره‌كان، كه داوایانكرد له راپۆرته‌كه‌دا ناویان نه‌هێنرێ، ئاشكرایان كرد كه شانه نوستووه‌كانی داعش به شه‌و ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌و كاته‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی خۆیان په‌نا بۆ بنكه سه‌ربازییه‌كانی خۆیان ده‌به‌نه‌وه.
خالد له ماڵه‌كه‌ی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ كه‌وتووه و هێشتا نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ نابیناییهكهیدا خۆی بگونجێنێ، ئه‌و دۆخه سه‌خته جه‌سته‌ییه ترسێكی قووڵیشی هاتووه‌ته سه‌ر، چونكه دڵنیایه هێرشكه‌ره‌كه رۆژێك له رۆژان ده‌گه‌ڕێته‌وه و كاره‌كه‌ی خۆی ته‌واو ده‌كات.
خالد ده‌ڵێ :"هه‌ركاتێك ده‌نگی ته‌قه‌یه‌ك بێ ترس دامده‌گرێ، كاتێك ده‌نگێكی به‌رز به‌رگوێم ده‌كه‌وێ له‌رز هه‌موو گیانم داده‌گرێ. دڵنیام ئه‌و كوڕه رۆژێك له رۆژان ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌مكوژێ".



.png&w=3840&q=75)