رووداو دیجیتاڵ
پسپۆرێکی ژینگە دەڵێت: بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا نرخی نەوت لە ساڵانی داهاتوو دادەبەزێت و کێشەی دارایی بۆ عێراق دروستدەبێت، لە کاتێکدا وەزارەتی پلاندانان رایگەیاندووە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە 2030 دەگاتە 50 ملیۆن کەس.
عەزام عەلواش، پسپۆری ژینگە و کەشوهەوا لە هەواڵەکانی کاژێری دووەمی نیوڕۆژ کە هەوار جەلالەدین پێشکێشی دەکات لەبارەی لووتکەی پاریس بۆ کەشوهەوا دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرە دیار نییە، بەڵام ئەوەی بۆ عێراقییەکان گرنگە ئەوەیە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا داواکاری لەسەر نەوت نامێنێت".
ئەو پسپۆرەی ژینگە پێیوایە، بەهۆی دابەزینی خواست لەسەر نەوت دەبێت رێکاری نوێ بگرینەبەر بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی جێگرەوە بۆ دابینکردنی داهات بۆ دەوڵەت، چونکە عێراق 70 ساڵە نەوت دەفرۆشێت و خۆراکی پێدەکڕێت، بەڵام لە داهاتوودا پارە ناکات و دەبێت پشت بە سەرچاوەی وەکو ئاو و دروستکردنی کارەبا لە وزەی نوێبووەوە ببەستێت.
لەبارەی لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر گۆڕانی ژینگە لە عێراق عەلواش دەڵێت: عێراق کاتێک دەجوڵێتەوە کار لە کار ترازەوە، چونکە سەرقاڵە بە کێشەی تایفی. کێشەی کەمیی ئاو یەکێکە لە کێشەکانی عێراق.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030 دەگاتە 50 ملیۆن کەس، عەزام عەلواش لەو بارەیەوە رایگەیاند: زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە کاتێکدایە داواکاری لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە، "ئەوە کێشەیە، بەڵام دەتوانین وەکو هەلێک بۆ گەڕان بۆ جێگرەوە سەیری بکەین، چونکە عێراق دەتوانێت کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەمبێنێت". عێراق دەتوانێت 365 رۆژ لە خۆرەوە وزە وەرگرێت لە کاتێکدا تورکیا تەنیا 140 رۆژ دەتوانن وزە لە خۆر وەرگرن.
لە ساڵی 2017 دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی پاریس راگەیاند بە بیانووی ئەوەی رێککەتننامەکە تەنیا سوودی بۆ هیندستان و چین هەیە و گوتی: "رێککەوتننامەیەکی خراپە بۆ ئەمریکییەکان، بۆ ئەوەی ئەرکی تایبەتیم بۆ پاراستنی ئەمریکا و خەڵکەکەی جێبەجێ بکەم لە رێککەوتننامەکە دەکشیێنەوە".
لەبارەی کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی پاریس و کاردانەوەی بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا عەزام عەلواش دەڵێت: بایدن زۆر جیددیە لە گۆڕانکاری کەشوهەوا، بۆیە جۆن کێری کردە بەرپرسی گۆڕانی کەشوهەوا لەوەوە دیارە کە بایدن جیددیە لەو پرسە و، سەردەمی ترەمپ خەریکە بەسەردەچێت بۆیە یەکێک لە بڕیارە نوێیەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە سندووقی گۆڕانی کەشوهەوا پارەدار دەکات کە ساڵانە دەیان ملیار دۆلاری پێویستە.
لەبارەی کەمکردنەوەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و لەنێوچوونی دارستانەکان لە لووتکەی پاریس عەلواش دەڵێت: جیهان جیددیە لە بەدواداچوون بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان، بەڵام ئەوەی لە 10 ساڵی رابردوو روویدا وەکو لافاو، رەشەبا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا ئەوە دەردەخەن دەبێ کاری جیددی بکرێت بۆ رێگری لەو گۆڕانکارییانە.



