رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، نزیکەی 14 هەزار سکاڵای تووندوتیژیی خێزانی پێشکێشکراون، زۆربەی سکاڵاکان تووندوتیژیی جەستەیی بووە.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند: "لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 13 هەزار و 857 سکاڵای تووندوتیژیی خێزانیمان تۆمارکردووە، سکاڵاکان جۆراوجۆرن، بەڵام لەنێویاندا زۆرترین سکاڵاکان تووندوتیژیی جەستەیی بوون."
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە تێکڕا مانگانە 2 هەزار و 771 سکاڵا، رۆژانە 91 سکاڵا و لە هەر کاژێکیشدا نزیکەی چوار سکاڵا تۆمار کراون.
سەنا موسەوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پاراستنی کۆمەڵایەتی، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " ئامارەکانی توندوتیژیی خێزان زیادیان نەکردووە، بەڵکو چەند ساڵێکە ئامارەکە لەو ئاستەدایە، هۆکارەکانیش زۆرن، لەنێویاندا کێشەکانی ئابووری و هەژاری و دۆخی بژێوی، بڵاوبوونەوەی زۆری مادەی هۆشبەر، نەبوونی هۆشیاریی پێویست لەلای تاکەکان بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان، جگە لەوانەش کرانەوەی عێراق و ئینتەرنێت و ناپاکیی خێزانیش هۆکاری دیکەی ئەو ئامارە مەترسیدارەن."
عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی نییە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "یاسا بۆ زۆر بابەتی دیکە هەیە، بەڵام هەر نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵیان بکات، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، کوشتن و شتی دیکەش، بۆیە تووندوتیژی خێزانی بە پلەی یەکەم." پێویستی بە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە."
بە گوتەی ئەو راوێژکارە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راپۆرتێکی لەلایەن ژمارەیەک دەزگا و فەرمانگەوە بۆ ئامادەکراوە کە دۆسیەکانی جیابوونەوەی هاوژینان و زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی تێدایە و بڕیارە لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکرێت. گوتیشی: "راوێژ و راسپاردەی خۆمان لەبارەی پرسی تووندوتیژیی خێزانییەوە پێداوە."
جگە لە تووندوتیژیی خێزانی، جیابوونەوەی هاوژینانیش زیادی کردووە، بەپێی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق تەنیا لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ، پێنج هەزار و 537 جیابوونەوەی هاوژینان لە دادگەکانی عێراق تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ