لەتیف رەشید بۆ پەرلەمانتارانی پارتی: ئەنجوومەنی فیدراڵی دروستدەکرێت و دادگەی فیدراڵیش دەستکاری دەکرێت

10-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە. پەرلەمانتارێکی بەشداری کۆبوونەوەکەش دەڵێت، "سەرۆککۆمار پێی راگەیاندن کە ئەنجوومەنی فیدراڵی دروستدەکرێت و دادگەی فیدراڵییش دەستکاری دەکرێت."
 
رۆژی هەینی، 10-2-2023، شوان محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەندین بابەتمان لەگەڵ د. عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق باسکرد، لەوانە رەوشی عێراق بەگشتی و حکومەتی عێراق کە کورد لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشێکە لێی."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای عێراق "دژ بە هەرێمی کوردستان" کراوە و "سەرۆککۆمار گوتوویەتی هەوڵەکان چڕبوونەتەوە بۆئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی پێکبهێندرێتەوە، چونکە ئێمە دەزانین کاتی خۆی زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان بەو پێکهاتە و فۆرمە دەنگیان بۆ نەداوە."
 
شوان محەممەد گوتیشی، "باسی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی کرا کە ئێستا هەوڵ هەیە بەپێی ماددەی 65ی دەستووری عێراق و پێکهێنانەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی 92ی دەستوور."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، هەروەها باسیان لە ماددەی 140ی دەستوور، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و چەندین دۆسیەی وەکو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تێڕوانینی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بە گوتەی شوان محەممەد، سەرۆککۆماری عێراق گوتوویەتی، "ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێوخۆیش تێڕوانینی پۆزەتیف لەبارەی حکومەتی عێراقەوە هەیە و لە چەندین بواردا دەیەوێت هەنگاو بنێت، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق باسی پێشێلکارییە زەقەکانی دەستووری عێراقیان کردووە و داوای لێکردووە وەکو پارێزەری دەستوور هەوڵەکانی چڕبکاتەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی فراکسیۆنەکە لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە، کە وای نیشانداوە لەسەر داوای سەرۆککۆمار بووە، باسی ئەو پرۆژەیاسا گرنگانەیان کردووە کە پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.

پارێزگای دیالە بۆ فەرمانبەران: ئاگاداری مووچەکانتان بن نەدزرێت

بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پارێزگای دیالەوە دەکرێت. گوتەبێژی پارێزگاکە هۆشداری دەداتە کارمەند و مووچەخۆران و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک فریو نەخۆن، ئەگەرنا مووچەکانتان دەدزرێت.