رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە گومرگی خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو، هاوکات پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی زەویی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و هەموارکردنی یاسای دادبینیی سزای پەسند کرد و رەوانەی پەرلەمانی کردن.
شەوی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 23یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی وڵات و بابەتەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە تاوتوێ کران و چەندین بڕیار لە بوارە جیاوازەکاندا دران.
ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا دران:
- بەخشینی خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو لە رسوماتی گومرگی، ئەم بڕیارەش لە 7ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
- پڕۆژەیاسای بەخاوەنکردنی فەرمانگەی نیشتەجێکردن لەو زەوییانەی بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون تەرخانکراون پەسند کرا، کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە وردبینیی بۆ کرابوو، بڕیاریش درا رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
- ئەنجوومەنەکە پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یاسای دادبینیی سزایی ژمارە (23)ی ساڵی 1971ـی پەسند کرد و بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان رەوانەی پەرلەمانی کرد.
- پێشنیازی هەموارکردنی هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران (ژمارە 1128ـی ساڵی 2025 و ژمارە 325ـی ساڵی 2026) پەسند کرا، کە پڕۆژەکانی رێککەوتنی چوارچێوەی عێراق و چین، پڕۆژە دابینکراوەکان و سپاردەکانی یەکەی جێبەجێکردن لە وەزارەت و پارێزگاکان، لەنێویاندا پڕۆژەکانی یاسای پاڵپشتیی فریاگوزاری دەگرێتەوە.
- رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی کۆی گشتیی تەرخانکراوی بودجەی وەبەرهێنانی پێشنیازکراوی وەزارەتەکە بۆ ساڵی 2026 کە بەسەر چەند پڕۆژەیەکدا دابەشکراوە.
- رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئەو داهات و رسووماتانەی لە رێگەی یاسای تۆماری لەدایکبوون و مردن (ژمارە 21ـی ساڵی 2024) وەریدەگرێت لای خۆی بمێنێتەوە، وەک دابینکردنی دارایی بۆ خودی وەزارەتەکە.
- ئەنجوومەنەکە بڕیاری ژمارە 403ـی ساڵی 2026ـی هەموارکردەوە تایبەت بە رێکخستنی میکانیزمی هەژمارکردن و دابینکردنی سووتەمەنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ گرێبەستی وزەی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای (تۆرس ئارم)، بە نرخی 32 دۆلار و 200 لیتر بۆ هەر مێگاوات/کاژێرێک.
- فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خرایە نێو بڕگەی (7)ـی بڕیاری ژمارە 24413ـی ساڵی 2024 بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافی کرێکارانی کەرتی پیشەسازیی تایبەت.
- رەزامەندی درا لەسەر پێدانی مۆڵەتی دامەزراندن بە کۆلێژ و زانکۆ ئەهلییەکان بەپێی یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2016، بە مەرجی تەواوکردنی مەرجە یاساییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دانانی رسووماتی تۆمارکردن (بەپێی بڕیاری 548ـی 2026) و گواستنەوەی ئەو داهاتە بۆ سندووقی نەوەکان.
- بە ئامانجی سەلامەتیی هاتووچۆی دەریاوانی لە چوارچێوەی یاسادا، پەیڕەوی هێڵەکانی کەشتیوانی پەسند کرا کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە وردبینیی بۆ کرابوو.



