رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سنووری نێوان عێراق و سووریایان بە تەواوی کۆنترۆڵکردەوە، عەبادی کۆتاییهاتنی شەڕی داعشی لە عێراق راگەیاند.
حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند "هێزەکانمان سنووری نێوان عێراق و سووریایان بە تەواوی کۆنترۆڵکردەوە، بۆیە کۆتایی شەڕ دژی داعش رادەگەیێنم".
رێکخراوی چەکداری داعش لە حوزەیرانی 2014دا موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراقی کۆنترۆڵکرد و دەستی بە سەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی سوپای عێراق و پارەیەکی زۆریشدا گرت.
داعش لە سووریاوە روویکردە عێراق و لە ماوەیەکی کەمدا فەللوجە، موسڵ، تکریت و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی کۆنترۆڵکرد. لە سەرەتای ئابی هەمان ساڵدا، داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دواتریش سنوورەکانی مەخموور و گوێڕ.
دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەشداری 70 وڵات دژی داعش راگەیێندرا، کە بە هێرشی ئاسمانی و راوێژی سەربازی هاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان.
هێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش رووبەڕووی هێرشەکانی داعش بوونەوە و رێکخراوەکەیان تووشی شکستکرد.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە کاریگەرترین هێزی دژی داعش لەلایەن هاوپەیمانانەوە دانرا، کە توانی پێشڕەوی داعش بەرەو خاکی کوردستان رابگرێت و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەش لە هێرشی ئەو گرووپە بپارێزێت، لەو شەڕەشدا نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە شەهید بوون و 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ