رووداو - هەولێر
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوادەکات لە ماوەی 30 رۆژدا ئامارێکی پێبدرێت لەسەر مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە سەرجەم وەزارەت، دامودەزگا و پارێزگاکاندا.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانەوە نووسراوێکی فەرمیی بۆ سەرجەم وەزارەت و ئەو لایەنانە کردووە کە گرێدراو نین بە وەزارەتەکان، لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکان، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە "سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2020 بەڕێوەچووە، داوایکردووە ئامار لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران و میلاکات و بڕی مووچەکانیان بدرێت، کە نابێت لە 30 رۆژ تێپەڕبکات لە رۆژی دەرچوونی ئەو فەرمانە".
دوای کۆبوونەوە تایبەتەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی چاکسازیی دارایی و ئابووری، کە 7ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی میکانیزمی دابینکردنی مووچە و خەرجیی سیادی و زانیاریی لەبارەی ژمارەی مووچەخۆران ئاشکراکرد و گوتی، زیاتر لە شەش ملیۆن مووچەخۆر لە عێراقدا هەن، بەدووریشی دەزانێت بودجەی ساڵی 2020 پەسندبکرێت.
د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان بەمەبەستی دابینکردنی مووچە و خەرجیی سیادی، هەروەها کاردەکەن قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی وەربگرن بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستمان بە 7.5 ترلیۆن دینارە بۆ خەرجیی بەکاربردن، مانگانەش 5 ترلیۆن دینار کورتهێنانمان هەیە".
وەزیری دارایی عێراق بەدووری دەزانێت بودجەی ساڵی 2020 پەسندبکرێت، دەشڵێ، کۆمەڵێک پاکێجی چاکسازییان هەیە لە ماوەی سێ مانگدا پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتریش پەرلەمانی دەکەن؛ ئەوەشی خستەڕوو پێویستیان بە بانکە حکومییەکانە بۆ دابینکردنی پارە و داوا لە بانکی ناوەندی دەکەن قەواڵەیان پێبدات.
بە گوتەی د. عەلی عەللاوی سەرچاوەی دیکەی داهات هەیە، وەکو گومرگەکان، پێشبینیش دەکات داهات ساڵانە حەوت ترلیۆن دینار بێت، باسی لەوەش کرد "پێویستە هەندێک شتی تایبەتی کە لە گومرگەکان کراون، هەڵبوەشێتەوە، بودجەی ساڵی 2020 خەمڵاندن دەبێت و پشت بەو ژمارانە دەبەستین کە بەدەستمان دەگات، کات رێگە بە ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان نادات".
وێڕای ئەوەی وەزیری دارایی عێراق چاکسازی و پێداچوونەوە بە کەرتی دارایی و بانکیدا بە گرنگ دەزانێت، ئاماژەشی بەوە کرد، دەبێت وەبەرهێنانی دەرەکی رابکێشن و بەربەستەکان لاببرێن، هەروەها چاکسازی لە کەرتەکانی دیکە دەکرێت، لەوانە پارەی وەرگرتنی کارەبا و نەوت، ئێستا 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەسترێت، ئەمەش کارێکی ناڕاستە.
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزیری دارایی عێراق خستنیەڕوو، سێ ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر هەن کە بەهۆی مووچەکانیانەوە پشت بە دەوڵەت دەبەستن، لەگەڵ دوو ملیۆن و 500 هەزار خانەنشین، کۆی گشتیی مووچەخۆرانیش دەگاتە شەش ملیۆن و 500 کەس، کە عەلی عەللاوی دەڵێ "ئەمە رێژەیەکی نادروستە کە 25%ی خەڵکی عێراق پشت بە مووچەی دەوڵەت دەبەستن، لەکاتێکدا لە هەموو وڵاتانی جیهاندا دەبێت 5%ی فەرمانبەران هەبێت، یان وەکو وڵاتانی کەنداو کە 10%ـە".
