رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی گوت: سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بەتەواوی پتەو کردووە و هێزی پشتیوانی و کەرەستەی هونەری پێشکەوتووشمان داناوە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024) لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بەتەواوی پتەوکردووە و جگە لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور؛ هێزی زۆریی پشتیوانیشمان ناردووەتە سنوورەکانمان، کە هێڵی بەرپەرچدانەوەیان پێکهێناوە و لەکاتی پێویستیدا دەتوانن هاوکاریی پاسەوانانی سنوور بن."
لیوا یەحیا رەسووڵ دەڵێت "تائێستا هیچ گرفتێک لە سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا رووینەداوە، چونکە پێشتر کارمان بۆ ئەو بابەتە کردووە؛ کە جگە لە دیوارە کۆنکرێتییەکان، کامێرای چاودێریی و کەرەستەی هونەری پێشکەوتووشمان داناون. بۆیە دەتوانین بڵێین سنوورەکانمان لەوپەڕی تۆکمەیی دان."
هەر ئەمڕۆ، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا دەکات و سنوورەکان تۆکمەکراون."
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ