رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانی گەل و حکومەتی عێراق بۆ دۆزی گەلی فەلەستین و هێرشەکانی ئەمڕۆی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس دەربڕی و دەشڵێت، "دەرەنجام و کاردانەوەیەکی سرووشتییە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، باسم عەواد، گوتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بڵاوکردەوە و هەڵوێستی عێراقی تێیدا روونکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گەل و حکومەتی عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی، لەبارەی دۆزی فەڵەستین و هەڵوێستی پاڵپشتیکارانەی خۆی بۆ گەلی فەڵەستین لە گەیشتن بە خواستەکانیان و بەدەستهێنانی تەواوی مافە رەواکانی دووپات دەکاتەوە. هەروەها پێمان وایە زەوتکردنی مافەکان لە رێگەی ستەمکردن و دەستدرێژیکردن هەرگیز ئاشتییەکی بەردەوام بەرهەم ناهێنێت."
باسم عەواد، رووداوەکانی ئەمڕۆی بە کاردانەوەیەکی سرووشتیی لە دژی ستەم و چەوساندنەوە وەسفکرد و دەشڵێت: "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەمڕۆ گەلی فەڵەستین دەیکەن، دەرەنجام و کاردانەوەیەکی سروشتییە بۆ ئەو چەوساندنەوە و داپڵۆساندنانەی چەندین دەیەیە دەسەڵاتی داگیرکاری زایۆنیزم پەیڕەوی دەکات و رۆژێک لە رۆژان پابەندی بڕیارێکی نێودەوڵەتیی و نێونەتەوەییەکان نەبووە. بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین، دەستبەجێ رێگری لەم هەموو پێشێلکارییە زۆر مەترسیدارانە بکات و کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین، کە تاوەکو ئەمڕۆ بەدەست داگیرکاری و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و گەمارۆ و بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان و بەهاکان و بنەماکانی مرۆڤایەتییدا دەناڵێنن."
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "هۆشداری دەدەین لە بەردەوامیی هەڵکشانی گرژییەکان لەناو خاکی فەڵەستین، لەبەرئەوەی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت. هەروەها داوا لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکەین کۆبوونەوەیەکی بەپەلە رێکبخەن بۆ گفتوگۆ کردن و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە مەترسیدارەکان لەناو خاکی فەڵەستیندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ