رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕینی 100 رۆژ بەسەر تەمەنی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، راپرسییەکی بەرفراوان دەریدەخات کە سەرۆکوەزیران توانیویەتی زۆرترین رێژەی رەزامەندی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت بەراورد بە سەرۆکوەزیرانەکانی پێش خۆی. بەڵام هێشتا کێشە بنچینەییەکانی وەک کارەبا، بێکاری و گەندەڵی وەک خۆیان ماون و لەسەر ئاستی پێکهاتەکانیش، کورد کەمترین متمانە و رەزامەندیی لە دامەزراوەکان و کارەکانی ئەم کابینەیە هەیە.
راپرسییەکە لەلایەن (پەیمانگەی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە، کارگێڕی و کۆمەڵگەی مەدەنی)ی عێراقی بە سەرپەرشتی مونقز داغر ئەنجامدراوە و لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک خرایەڕوو. راپرسییەکە لەنێوان 5 بۆ 31ـی ئابی 2026 ئەنجامدراوە و 2056 کەس بەشێوەی مەیدانی بەشدارییان تێدا کردووە.
سەرۆکوەزیران لە لووتکە و سەرۆککۆمار لە پاشەکشەدایە
ئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات کە 77٪ـی عێراقییەکان لە کارەکانی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیران رازین.
ئەمە بەرزترین رێژەیە لە چەند مانگێک دوای دەستبەکاربوونی هەر سەرۆکوەزیرانێکەوە دەبیندرێ، بەراورد بە محەممەد شیاع سوودانی (76٪)، مستەفا کازمی (65٪) و عادل عەبدولمەهدی (45٪).
هاوکات 75٪ـی خەڵک پێیان وایە زەیدی ویستی ئەوەی هەیە شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی و بۆچوونەکەش بە گوێرەی پێکهاتەکان بەم جۆرەیە: سوننە 83٪، شیعە 79٪، کورد 49٪.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بۆچوونی هاووڵاتییانەوەیە بەرامبەر سەرۆککۆمار، بە گوێرەی راپرسییەکە 51٪ـی بەشداربووان لە کارەکانی نزار ئامێدی ناڕازین و تەنیا 45٪ پەسنی کارەکانی دەدەن.
زۆرترین ناڕەزایەتی بەرامبەر کارەکانی سەرۆککۆمار لای هاووڵاتیی شیعەیە کە 58٪ـە، دواتر سوننە 41٪ و کوردیش 38٪ ناڕازین.
کەلێنی متمانە؛ کورد رەشبینترینە
سەرەڕای رەزامەندییە گشتییەکە، کاتێک پرسیار لەبارەی متمانە بە حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە، 64٪ـی عێراقییەکان متمانەیان هەیە (31٪ بەتەواوی و 33٪ تا رادەیەک). بەڵام داتاکان جیاوازییەکی گەورە لەنێوان پێکهاتەکان دەردەخەن، بە جۆرێک سوننە بە رێژەی 80٪ متمانەی بە حکومەت هەیە، شیعە 61٪، بەڵام تەنیا 41٪ـی کورد متمانەیان بە حکومەتە (کە تەنیا 11٪یان متمانەی تەواویان هەیە).
سەبارەت بە مانەوەی حکومەتیش بۆ تەواوکردنی وادەی چوار ساڵەی خۆی، 71٪ـی عێراقییەکان پێشبینی دەکەن بمێنێتەوە، لێرەیشدا کورد کەمترین دڵنیایی هەیە کە 65٪ـە.
بێکاری لە پێشینەیە و گەندەڵی وەک مۆتەکە ماوەتەوە
بەپێی راپرسییەکە، کاتێک داوا لە هاووڵاتییان کراوە سێ گرنگترین کێشە دیاری بکەن کە دەبێت حکومەت وەک کاری لەپێشینە چارەسەریان بکات، بێکاری زۆرترین دەنگی هێناوە، بەجۆرێک 56٪ی بەشداربووان بێکارییان خستووەتە نێو سێ هەڵبژاردە سەرەکییەکەیانەوە. دوای ئەویش کێشەی کارەبا دێت کە (49٪)ـی هاووڵاتییان هەڵیانبژاردووە، پاشان گەندەڵی (32٪)، ئاو (22٪)، پەروەردە (15٪)، هەڵاوسان و نرخی دراو (9٪)، لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان (7٪)."
سەبارەت بە ئابووری، 46٪ پێشبینی دەکەن لە 12 مانگی داهاتوودا دۆخەکە باشتر بێت، لێرەدا سوننە گەشبینترینن (53٪) و کورد رەشبینترینن (30٪).
لە پرسی گەندەڵیشدا، 86٪ـی عێراقییەکان پێیان وایە گەندەڵی بە بەربڵاوی لە دامەزراوەکاندا هەیە (60٪ دەڵێن بە رادەیەکی زۆر هەیە، کە ئەم رێژەیە لای شیعە دەگاتە 69٪ و لای کوردیش ئەو رێژەیە 53٪ـە). لەگەڵ ئەوەیشدا 72٪ی بەشداربووان پێیان وایە حکومەتی زەیدی تا رادەیەک لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام کورد کەمترین باوەڕی بەم هەنگاوانە هەیە، بە جۆرێک تەنیا 54٪ـی کورد حکومەت بە سەرکەوتوو دەزانن لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رێژەیەکی بەرچاویشیان (21٪) بێ وەڵام بوون.
هەڵسەنگاندنی دامەزراوەکان بەپێی نمرە؛ پەرلەمان خراپترینە
لە پێدانی نمرە لە (1 بۆ 10) بە دامەزراوە و بەرپرسە باڵاکان، تەنیا دوو دامەزراوە و کەس نمرەی دەرچوونیان هێناوە؛ سەرۆکوەزیران (6.7) و دەسەڵاتی دادوەری (5.8).
سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆککۆمار و وەزیرەکان بە گشتی نمرەی (4.6)یان وەرگرتووە. پەرلەمانیش وەک دامەزراوە نزمترین نمرەی هەیە کە (3.9)ـە، بەجۆرێک 49٪ـی خەڵک نمرەی خراپ (1 بۆ 3)یان پێداوە.
لە دابەشبوونی نمرەکاندا بەپێی نەتەوە، کورد کەمترین نمرەی داوە و زۆرترین هاونیشتمانی لە 1 تاوەکو 10 تەنیا 1یان داوە. 39٪ی هاونیشتمانییان نمرەی یەکیان داوە بە پەرلەمان، 35٪ی هاونیشتمانییان نمرەی یەکیان داوە بە سەرۆکی پەرلەمان، 34٪ نمرەی یەکیان داوە بە ئەنجوومەنی دادوەری، 31٪ نمرەی یەکیان داوە بە سەرۆککۆمار و و 27٪یش نمرەی یەکیان داوە بە وەزیرەکان.
هەڵسەنگاندنی سێکتەرەکان؛ لە ئاسایشەوە بۆ کارەبا و پەروەردە
ئاسایش: لەسەر ئاستی گشتی 76٪ـی عێراقییەکان پێیان وایە حکومەت سەرکەوتوو بووە. لای سوننە ئەم رێژەیە بەرزترینە و دەگاتە 88٪، پاشان شیعە بە 80٪، بەڵام لای کورد تەنیا 41٪ پێیان وایە حکومەت لە ئاسایشدا سەرکەوتوو بووە.
دابینکردنی ئاو: 59٪ی خەڵک بە گشتی پێیان وایە حکومەت سەرکەوتوو بووە. لای سوننە رێژەکە 74٪ـە، لای شیعە 58٪ـە، رەزامەندیی کورد لێرەیشدا نزمترینە کە تەنیا 30٪یە.
خوێندنی باڵا: 57٪ بە گشتی بە ئەرێنی هەڵیانسەنگاندووە. سوننە بە رێژەی 66٪ و شیعە بە 56٪ لە کارەکانی ئەم سێکتەرە رازین، بەڵام لای کورد تەنیا 34٪ بە سەرکەوتووی دەزانن.
پەروەردەی بنەڕەتی: 56٪ـی عێراقییەکان دەڵێن حکومەت سەرکەوتوو بووە. لای سوننە 61٪ و لای شیعە 56٪ پێیان وایە سەرکەوتن بەدەستهاتووە، بەڵام کورد دیسانەوە کەمترین رەزامەندیی هەیە بە 36٪.
تەندروستی: 50٪ـی عێراقییەکان پێیان وایە حکومەت کاری باشی کردووە. سوننە زۆرترین رەزامەندییان هەیە کە 59٪یە، دواتر شیعە بە 46٪ و کوردیش تەنیا 35٪.
کارەبا (لاوازترین خاڵ): کارەبا تاکە سێکتەرە کە لەسەر ئاستی عێراق کەمتر لە نیوەی خەڵک (41٪) بە ئەرێنی دەیبینن. لای سوننە 59٪ پێیان وایە حکومەت سەرکەوتوو بووە، بەڵام لای شیعە تەنیا 35٪ و لای کوردیش تەنیا 33٪ بە سەرکەوتووی دەزانن (تەنانەت 52٪ـی بەشداربووانی شیعە دەڵێن حکومەت "هەرگیز نەیتوانیوە" دۆخی کارەبا باش بکات).
ململانێی ئێران و ئەمریکا؛ هەژموونی ئێران زۆر بەرزبووەتەوە
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە، یەکێک لە ئەنجامە دیارەکانی راپرسییەکە ئەوەیە کە تێڕوانینی عێراقییەکان بۆ ئێران گۆڕاوە، بەجۆرێک وێنا و هەژموونی ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی 2023 هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئێستا 57٪ی عێراقییەکان تێڕوانینێکی ئەرێنییان بۆ ئێران هەیە، کە ئەمەش بازدانێکی گەورەیە بەراورد بە ساڵی 2023 کە ئەو رێژەیە تەنیا 25٪ بوو. لە بەرامبەردا تێڕوانینی ئەرێنی بۆ ئەمریکا گەشەیەکی کەمتری کردووە کە لە ساڵی 2023دا 32٪ بووە و ئێستا گەیشتووەتە 37٪.
کاتێک پرسیار لە هاووڵاتییان کراوە کە کام وڵات زۆرترین کاریگەریی لەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق هەیە، 40٪ی بەشداربووان ناوی ئێرانیان هێناوە (لەکاتێکدا لە ئەیلوولی 2023 تەنیا 13٪ پێیان وابوو ئێران کاریگەریی هەیە). لە بەرامبەریشدا، 33٪ی بەشداربووان پێیانوایە ئەمریکا کاریگەریی سەرەکییە (کە ئەم رێژەیە لە ساڵی 2023دا 24٪ بوو).
