حکومەتی عێراق 300 دۆنم زەویی عەلی حەسەن مەجید دەگەڕێنێتەوە

07-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا عێراق 21 کەسی داواکراو و 250 ملیۆن دۆلاری لە دەرەوە گەڕاندووەتەوە. زۆربەی پارەکەش پێش ساڵی 2003 براوەتە دەرەوە. هەروەها 300 دۆنم زەوی، کە بەناوی عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیایی) بووە، گەڕێندراوەتەوە بۆ دەوڵەت. 
 
ئەیمەن بەیزانی، یاریدەدەری سندووقی سامانەکانی عێراق، لە پۆستێکی فەیسبووک رایگەیاندووە، لە 25ـی تەممووزی 2023 تاوەکو 20ـی نیسانی ئەم ساڵ، عێراق بەپێی بڕیاری یاسایی و دادگە 21 کەسی لە ئوردن، تورکیا، ئیمارات، بەریتانیا، میسر، مالیزیا و ئێران، گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق دوای ئەوەی بە بردنی پارەی عێراق تۆمەتبار کراون.
 
ئەوەش جگە لە دوو تۆمەتباری دیکە کە بڕیاری رادەستکردن و وەرگرتنیان لە ئیمارات و سووریا دراوە.
 
سەرباری ئەوانەش 25 داواکراوی دیکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و رادەستکردنن.
 
عێراق لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا ئەم پارانەشی گەڕاندووەتەوە، وەکو ئەیمەن بەیزانی، دەڵێت:
 
- 80 ملیۆن دۆلار لە فەرەنسا و سویسرا کە لەلای ئەفسەرێکی پێشووی دەزگەی هەواڵگری بووە.
- 26 ملیۆن دۆلار کە بەناوی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دەزگەی پێشووی هەواڵگری بوو.
- 2 ملیۆن دۆلاری دەزگە هەڵوەشاوەکانی پێشوو.
- 4 ملیار و 200 ملیۆن دیناری پاسەوانی گاردی هەڵوەشاوەی کۆماری.
- 600 ملیۆن دیناری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی نیشتمانی.
- 425 هەزار دۆلاری وەزارەتی گواستنەوە.
- زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلار لە هەژمارە خاوەکانی دوای ساڵی 2003.
- زیاتر لە 31 هەزار درهەمی ئیماراتی لە بەرژەوەندیی بانکی رافیدەین. 
- زیاتر لە 300 دۆنم زەوی کە بە ناوی عەلی حەسەن مەجید بووە.
- سێ خانووبەرە لە ناوچەی داودی بەناوی سوپاسالاری پێشووتری عێراق کە بەهاکەی بە ملیار دینار دەبێت.
- 5 دۆنم زەویی کشتوکاڵی کە بەناوی یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبی بەعسەوە تۆمارکرابوو.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 500 ملیار دۆلار لە دوای 2003ـەوە لە عێراق بە گەندەڵی دزراوە، کەمترین پارە لەو داهاتە دزراوانە گەڕێندراونەتەوە، دەبێت عێراق ئەو پارە زەبەلاحانە بگەڕێنێتەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە داوا دەکات رێگری لە گەشتکردنی ئەو بەرپرسانە بکرێت لە گەندەڵی تێوەگلاون، یان ئەوانەی لە دەرەوە دەژین و سامانی عێراقیان لەلایە دەبێت بگەڕێندرێنەوە.
 
گێڕانەوەی ئەو سامان و پارانەی عێراق لە کاتێکدایە، ژمارەی جیاواز لەسەر بڕی پارەی براوە دەرەوەی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە هەیە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە بڕی زیاتر لە 600 ملیار دۆلار و بەرهەم ساڵح، سەرۆکۆماری پێشووی عێراق بە زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری مەزەندەی کردووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.