رووداو دیجیتاڵ
لە دوای 12 ساڵ، نوێژخوێنانی شاری موسڵ بۆ نوێژی جەژن روویان لە مزگەوتی نەبی یونس کردەوە.
ئەم مزگەوتە لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە خاپورکرا و نیسانی ئەم ساڵ دوای نۆژەنکردنەوەی، بە رووی نوێژخوێناندا کرایەوە.
عەبدوڵڵا سۆفی، ئیمام و گوتارخوێنی مزگەوتی نەبی یونسە و دەڵێت، "کە هاتم بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەژن، لێشاوێک لە خەڵکی ئەم ناوچەیە و تەنانەت دەرەوەی شاری موسڵ هاتبوون، لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەم نوێژی جەژن بوو لەم مزگەوتەدا بکرێت؛ ئێمە دوو جەژنمان هەبوو، یەکێکیان جەژنی قوربان و ئەوی دیکەیان جەژنی کردنەوەی ئەم مزگەوتەیە."
سێ ساڵ موسڵ لە ژێردەستی داعش بوو، کەشی جەژنی ئەو کاتە لەگەڵ ئێستا بۆ دانیشتووانەکەی جیاوازە.
لە ساڵی 2017ـەوە موسڵ لە ژێر دەستی رێکخراوی داعش دەرهێندرا، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو رێکخراوە بەردەوامە لە رووی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانى.
هاووڵاتییەکی موسڵ ئاماژە بەوە دەدات، "دۆخەکە زۆرخۆشە، منداڵەکان خۆشی دەبینن، هەرچەندە پلەی گەرما بەرزە، لایەنی کەم ئەگەر ئێمە باش نەژیاوین با منداڵەکانمان خۆش بژین."
لە شەڕی داعشدا نزیکەی 80%ـی خانوو و باڵەخانەکانی موسڵ خاپوور بوون؛ لە بودجەی سێ ساڵی رابردوودا، سێ تریلیۆن دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە تەرخان کراوە.