رووداو دیجیتاڵ
بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون.
شەوی یەکشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2023، گرووپی زافرەین کە گرووپێکی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی: "ئەمشەو موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق (گرووپی زافرەین) بە چوار مووشەک چەند ئامانجێکی لە بنکەی عەین ئەسەد کە هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکای تێدایە." دەشڵێت هێرشکارەکان "بەسەلامەتی گەڕاونەتەوە."
پێشتر، هەمان رۆژ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای کرد و لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون. نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینە بەر."
لە 17ى تشرینى یەکەمى 2023ـەوە، گرووپی 'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' بەرپرسیارێتى خۆى لە زیاتر لە 18 ھێرشی مووشەکی و درۆنی راگەیاندووە، کە لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. بەڵام یەکەمجارە، گرووپێک بەو ناوە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر بنکەی عەین ئەسەد رابگەیێنێت.
واشنتن هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا مانگی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد و دەڵێت: ''لەو گرووپانەن کە سەر بە تارانن''.
بە گوتەی پێنتاگۆن، تائێستا و لە ئەنجامی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا 21 هاووڵاتیی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون، هەروەها بەڵێندەرێک بەهۆی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هەڵەوە تووشی وەستانی دڵ بوو و گیانی لەدەستداوە.
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتایەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ