بە ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هۆڵی پەرلەمان و گوتارێکی لەبارەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق خوێندەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا چەند بژاردەیەکی لەبارەی هەبوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق خستە بەردەم پەرلەمانتاران و رایگەیاند "ئێمە لەبەردەم دوو بژاردەی سەرەکین؛ یەکەم، کۆتاییهێنانی بە بوونی هێزەکان لە رێگەی ئەنجامدانی رێوشوێنی بەپەلە و دانانی رێکارەکان. دووەم: گەڕانەوە بۆ رەشنووسی ئەو بڕیارەی کە پێشتر خرابووە بەردەوام ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەڕێز پێش هاتنەسەر کاری ئەم حکومەتە کە لە دەقەکەی هاتووە، مەرجی بوونی هێزی بیانی لە عێراق ئەوەیە رۆڵی تەنیا بریتی بێت لە مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوکارکردنیان لە راوەدوونانی شانەکانی داعشی تیرۆریست لە ژێر سەرپەرشتی و رەزامەندی حکومەتی عێراق لە جوڵەی ئەو هێزە یان بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق؛ نابێت هیچ هێزێکی بیانی هەبێت ئەرکی شەڕکردنیان لەسەر خاکی عێراق هەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا "دوو ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی دەوڵەتی خورافی داعش تێپەڕبووە، لەسەر حکومەتی عێراقی پێویستە خشتەیەکی کاتی پابەندبوون دابنێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزە بیانییەکان بۆ نەمانی ئامادەبوونیان بە تەواوی لەسەر خاکی عێراق و بە شێوەیەک کە بەرژوەندی عێراق و سەروەریی نیشتمانی بەدیبهێنێت؛ دڵنیاین کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە رێگەی کوتلە و پەرلەمانتاران پێشنیاز بۆ دەقی یاسایی دروست گەلاڵە دەکەن بەمەبەستی دیاریکردنی بژاردەی دروست" .
سەبارەت بە کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو رۆژەی قاسم سولەیمانی کوژرا بڕیاربوو بۆ بەیانییەکەی کاژێر 08:30 خولەک کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامبدەم. پێشتر عێراق نامەیەکی سعودیەی ناردبوو بۆ کاربەدەستانی ئێران و بڕیاربوو رۆژی هەینی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران وەڵامی ئەو نامەی سعودیە بگەیەنێتەوە دەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد کە نامەکە پەیوەندیداربوو بە نێوەندگیریی عێراق لەنێوان وڵاتانی سعودیە و ئێران سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە.

دەقی پرۆژەبڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەم شێوەیەیە:
یەکەم، پابەندكردنی حكومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی داواکردنی هاوكاری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کە لە ساڵی 2016 و لەسەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادی ئاڕاستەی وڵاتان کرابوو، ئەمەش لەبەر تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جەنگی عێراق و بەدیهێنانی سەركەوتن بەسەر داعش، پێویستە حكومەتی عێراق كار لەسەر كۆتاییهێنان بە بوونی هەر هێزێكی بیانی لەسەر خاكەكەی بكات و رێگری بكات لەبەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی لەبەر هەر هۆكارێك بێت.
دووەم، دەبێ حكومەتی عێراق، لەرێگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ژمارەی رهێنەرانی بیانی كە پێویستی پێیە هەروەها شوێن و كارەكانیان و ماوەی گرێبەستەكانیان رابگەیەنێت.
سێیەم، دەبێ حكومەتی عێراق لەرێگەی وەزیری دەرەوەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی سكاڵا دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆمار بكات بەهۆی ئەو پێشێلكارییە ترسناكانەی لەسەروەری و ئاساییشی عێراق ئەنجامیداون.
چوارەم، بڕیارەكە لە رۆژی دەنگدان لەسەری جێبەجێدەكرێت.

