خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتیى عێراق دەکرێت

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى یاساى بودجەی گشتى دەکات، ئەندامێکى لیژنەى یاسایى دەڵێت، دەبێت 48 کاژێر لە نێوان خوێندنەوەى دووەم و دەنگداندا هەبێت.
 
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ رۆژى پێنجشەممە، 5ـی کانوونى یەکەمى 2024، خوێندنەوەى دووەمى هەموارى یاسای بودجەى گشتى، یەکێکە لە بڕگەکانى ئەو کۆبوونەوەیە. 
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەنێوان خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى هەموارى بودجە و دەنگدان لەسەرى، دەبێت لانیکەم 48 کاژێر هەبێت.
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە بڕى 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریدەکرێت، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراوى دیاری دەکات، پێویستە لەو ماوەیەدا هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
دارا سێکانیانى گوتى "دواى خوێندنەوەى یەکەم و تێبینییەکانى سەرى، پڕۆژەیاساکە دەنێردرێت بۆ لیژنە تایبەتمەندەکان، لەوانە لیژنەى یاسایی، تاوەکو لە رووى یاساییەوە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت بەر لەوەى بخرێتە دەنگدانەوە." 
 
ئەو هەموارە بۆ چارەسەرى کێشەى نەدانى حەقدەستى کۆمپانیاکانى نەوتە، کە لەدواى پەسەندکردنى یاساى بودجەى گشتى لە ساڵى 2023 تاوەکو ئێستا وەریانگرتووە. 
 
سێ بڕگەى دیکەى کۆبوونەوەى پێنجشەممەى پەرلەمان تایبەتن بە دەنگدان بە هەردوو پڕۆژەیاساى دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانى، هەموارى یاساى پاسپۆرت، خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى پێنجەمى یاساى فڕۆکەوانیى مەدەنى.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەت لە بەغدا.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی دۆخی سووریا دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنێت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دڵنیایی دەداتە خەڵکی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە، هەروەها دەستپێشخەرییەکی عێراقییانەش رادەگەیێنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێی و پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا "بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە."