کارەبای عێراق: 10 بۆ 23 کاژێر کارەبا هەیە

04-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بڕی بەرهەمهێنانی ئێستایان نزیکەی 28 مێگاواتە؛ بڕی پێدانی کارەباش لە پارێزگاکاندا لە نێوان 10 بۆ 23 کاژێرە، کە زۆرترینی لە پارێزگای بەسرەیە.
 
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕی پێدانی کارەبا لە پارێزگاکاندا بە گوێرەی پشتبەستن بە شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێک لە پارێزگاکان لە رێگەی پشتبەستن بە گازی نێوخۆ و هەندێکی دیکەش بە گازی هاوردە کارەبا بەرهەمدەهێنن، بڕی پێدانی کارەباش لە شەو و رۆژێکدا لە نێوان 10 بۆ 23 کاژێرە.
 
ئەحمەد عەبادی دەڵێت، "کەمترین بڕی پێدانی کارەبا لە پارێزگاکانی نێوەڕاستدایە کە 10 کاژێرە و زۆرترینیش لە پارێزگای بەسرەیە کە 23 کاژێرە لە شەو و رۆژێکدا."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نزیکەی 28 مێگاوات کارەبایان هەیە، بەڵام پێویستییان بە زیاتر لە 32 مێگاواتە، ئەو خواستەش لە هاویندا بۆ نزیکەی 55 مێگاوات بەرز دەبێتەوە، بۆیە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە دەکەن.
 
لەبارەی رێژەی پشتبەستنیان بە گازی دەرەکی، ئەحمەد عەبادی دەڵێت، "نزیکەی 30٪ـی بەرهەمی کارەبامان کە دەکاتە 8 هەزار مێگاوات؛ پشتبەستن بە گازی ئێران دەبەستێت."
 
شەوی رابردوو کوژانەوەی گشتیی (شەت داون) لە وێستگەکانی دابەشکردنی کارەبای باشوور روویدا و بەهۆیەوە کارەبای هەر سێ پارێزگای بەسرە، زیقار و میسان کوژایەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق  گوتی، "کوژانەوەکە کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان روویدا و هۆکارەکە کێشەیەکی تەکنیکی بوو لە یەکێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێناندا. دوای نزیکەی سێ کاژێر کێشەکە چارەسەرکرا و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە."
 
رۆژی 29ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق لە کاتی بەشداری کردنی لە پانێڵێکی کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا  گوتی: "گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا، نەبوونی بڕی پێویستی سووتەمەنییە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا."
 
زیاد عەلی فازل گوتیشی: "هاوینی داهاتوو 26 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبا دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە