بزووتنەوەی نوجەبا کوژرانی حاجی ئەبو تەقوای پشتڕاستکردەوە

04-01-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکەی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا، تاڵیب ئەلسەعیدی، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا کوژراوە.
 
هاوکات، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشتێنەی بەغدا-ی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی ئەبو تەقوا سەعیدی جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی راگەیاند و دەڵێت، بەهۆی هێرشێکی ئەمریکاوە بووە. بەبێ ئەوەی جۆری هێرشەکە دیاری بکات.
 
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 04-01-2024، نزیکە کاژێر 11:50 (بە کاتی هەولێر) دەنگی تەقینەوەیەک لە شەقامی فەلەستینی بەغدا بیسترا، بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەستی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا کەوتبوون، هێرش کرابووە سەر بارەگەیەکی حەشدی شەعبی لەو شوێنە و بەهۆی هێرشەکەشەوە دوو فەرماندەی هێزەکە بریندار ببون. 
 
عەبدولرەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (04-01-2024 ) لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "ئێستا ئامار و ژمارەی راستەقینە قوربانییەکانی رووداوەکە بەردەست نییە، بەڵام تەقینەوەیەک لە شوێنێکی کۆبوونەوە روویداوە. لە تەنیشت وەزارەتی ناوخۆ، کۆلیژی پۆلیس و پەیمانگەی باڵا هەیە ، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتی دابەزینی ئەفسەران و راهێنراوانە بۆ ئەوەی ببنە ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، تەقینەوەکە روویداوە." 
 
بە گوتەی عەبدولرەحمان جەزائیری، "تەقینەوەیەکی خۆکوژی بووە بە بۆمبی چێنراو ، دۆخی ئەمنی تێکچووە، لە رۆژی داهاتوو ئەمە دەبینن، دۆخەکە گرژه ، حکومەتی عێراق بەتەواوی کۆنترۆڵی لەدەست نییە، ململانێی غەززە و دەستوەردان لە عێراق و گرووپی چەکدار و دەستوەردانی ئێرانی دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، بۆیە بە دوور نازانرێت لە کاژێرەکانی داهاتوو تەقینەوە رووبدات."
 
دوای رووداوەکە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشتێنەی بەغدا-ی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە حاجی ئەبو تەقوا سەعیدی جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوە. لە راگەیێندراوەکەدا، شێواز و جۆری هێرشەکەی باس نەکردبوو تاوەکو ئێستا لەبارەی هێرشەکەوە گومان دەکرێت، ئایا هێرشی ئاسمانی بووە یاخود تەقینەوەی خۆکوژی.
 
"دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپەکان" 
 
ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی "نزیک لە ئێران" بۆ سەر هێزەکانیان لە سووریا و عێراق، بەردەوام جەختدەکاتەوە کە دوودڵ نابن لە پاراستنی هێزەکانیان و وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، شەوی رابردوو، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، رایگەیاند، "ئێمە دوودڵ نابین بۆ بەرگریکردن لەخۆمان هەرکاتێک پێویستبکات. ئێوەش لە رابردوودا ئەوەتان بینیوە."
 
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر، لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەوە.
 
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپی چەکداریی شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە