رووداو دیجیتاڵ میدیای فەرمیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە دەستەی دەستپاکی، وردبینی لە چەند گرێبەستێک دەستپێکردووە و تێیدا فێڵکردن دەرکەوتووە، کە گومان دەکرێت پەیوەندیی بە پارەدارکردنی گرووپی چەکدارەوە هەبێت. چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیای فەرمیی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە ئەو زانیارییەی بڵاو کردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمی، دەستەی دەستپاکی وردبینی لە ژمارەیەک لە گرێبەستی گواستنەوە و فڕۆکەخانەکان کردووە و دەرکەوتووە کە فێڵیان تێدا کراوە و گومان دەکرێت پەیوەست بێت بە پارەدارکردنی گرووپی چەکدارەوە. سەرچاوەکە رایگەیاندووە، ئەو گرێبەستانە پەیوەستن بە وەزارەتی گواستنەوە و فڕۆکەخانەکانەوە. بەگوێرەی میدیای فەرمی، ئەو فێڵەی لەو گرێبەستانەدا کراوە بۆ بەرژەوەندیی ئەو گرووپە چەکدارانە بووە کە بە "دەرچوو لە یاسا" ناوی بردوون.