رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق رەتیدەکاتەوە لە بەندەرەکانى عێراقەوە چەک بە قاچاخ بۆ هەرێمى کوردستان برابێت.
2ـی کانوونى یەکەمى 2023، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەواڵێکى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى رەتکردەوە کە باس لەوە دەکات لە بەندەرەکانى عێراقەوە چەک بە قەچاخ براوە بۆ هەرێمى کوردستان و دەڵێت، ئەو هەواڵانە "راستییان تێدا نییە."
وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، ئەو چەکانەى لە کۆنتەینەرێکی بەندەى ئوم قەسر لە بەسرە دۆزراونەتەوە، چەند تۆپهاوێژێک بوون کە وەزارەتى بەرگرى هاوردەى کردوون، ئەوەش بەگوێرەى گرێبەستى FMS لەنێوان ئەو وەزارەتە و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا.
FMS، دەستەیەکى سەر بە وەزارەتى بەرگریى ئەمریکایە و تایبەتە بە فرۆشتنى کەرەستەی سەربازى بەو وڵاتانەی بە هاوپەیمانى ئەمریکا دادەنرێن.
وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاندووە، بەگوێرەى رێوشوێنە کارپێکراوەکان لە بەندەرەکانى عێراق، بڕیاردرا ئەو کۆنتەینەرانە لە بەندەرەکە دووربخرێنەوە کە لە سەریان نووسرابوو "مەترسیدار"، ئەوەش لەپێناو پاراستنى سەلامەتى.
وەزارەتەکە ئاماژەى بەوەش داوە لیژنەیەکى باڵا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەستبەکاربوو بۆ گواستنەوەى ئەو کۆنتەینەرانە و دواى پشکنینى ئەوانەی لەسەریان نووسرابوو "مەترسیدار"، دەرکەوت کە تۆپهاوێژى تایبەتى وەزارەتى بەرگریی عێراقیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ