کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: سەتان هاووڵاتی لوبنانی گەیشتوون

02-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، تەنیا لە دوو رۆژدا و لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیمەوە 350 هاووڵاتیی لوبنانی گەیشتوونەتە عێراق. لە بەسرەش لیژنەیەک بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتیانی لوبنانی و هاوکاریکردنیان پێکهێندراوە.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (02-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لە دوو رۆژدا 350 هاووڵاتی لوبنانی لە رێگەی دەروازەی سنووری قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە گەیشتوونەتە عێراق و لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە پێشوازییان لێکراوە.
 
قائیم دەروازەی سەرەکی نێوان عێراق و سووریایە و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، ئەو هاووڵاتیە لوبنانیانە لە رێگەی وشکانییەوە لە سووریاوە هاتوون و لە دەروازەی قائیمەوە هاتوونەتە نێو عێراق.
 
عەلی عەباس گوتیشی، ژمارەیەک هاووڵاتیش لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەفەوە گەیشتوون، بە جۆرێک تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە زیاتر لە 200 کەس گەیشتوون. 
 
سەبارەت بە شوێنی مانەوەی ئەو هاووڵاتییانە، عەلی عەباس دەڵێت، بەشێکیان چوونەتە لای کەسانی ناسراویان؛ بەشێکی دیکەش چوونەتە چەند شوێنێکی تایبەت لە شوێنە پیرۆزەکانی شاری کەربەلا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئەگەر زانیمان هاووڵاتی زیاتری لوبنانی روو لە عێراق دەکەن، رێکاری دیکەی پێویست دەگرینەبەر بۆ پێشوازیکردن و نیشتەجێبوونیان".
 
دوێنی سێشەممە 01-10-2024، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بە نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەیەکی پێکهێنا بە سەرۆکایەتی هیشام نیعمەت عەباس، یاریدەدەری پارێزگار بۆ پێشوازی و هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی لوبنان. 
 
دەسەڵات دراوەتە لیژنەکە شوێنی نیشتەجێىوون بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین بکات کە دەچنە پارێزگاکە. 
 
رۆژی 29-09-2024 سەرۆکوەزیرانی لوبنان گوتی، نزیکەی 1 ملیۆن کەس لە خەڵکی وڵاتەکەی ئاوارە بوون. ئاوارەبوونی خەڵک بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلە بۆسەر بەیرووت و باشووری لوبنان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە