رووداو دیجیتاڵ
نرخی چوونە ژوورەوە بۆ نۆرینگەکانی پزیشکی جیاوازە. گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەڵێت، نرخ بەگوێرەی بڕوانامە دیاریکراوە و هەر پزیشکێک زیاتر وەربگرێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
دانانی نرخی چوونە ژوورەوەی نەخۆش بۆ نۆرینگەکان و چاودێریکردنی کاری پزیشکی لە ئەستۆی سەندیکای پزیشکاندایە. دکتۆر ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی چوونە ژوورەوەی نەخۆش بۆ نۆرینگە پزیشکییەکان رێکخراوە، ئەویش بە گوێرەی بڕوانامە و ساڵەکانی کارکردنە".
دکتۆر ئامانج گوتی، پزیشک دوای ئەوەی کۆلێژی پزیشکی تەواو دەکات دوو ساڵ دەبێتە پزیشكی خولاو و دوو ساڵیش دەبێتە پزیشکی نیشتەجێی دێرین، ئەو کات ئەگەر پسپۆڕیی ورد نەخوێنێت ئەوا پێیدەگوترێت پزیشکی شارەزای گشتیی (مومارس عام). ئەو کاتە نۆرینگە بکاتەوە دەبێت نرخی چوونە ژوورەوەی نەخۆش سەرەتا 10 هەزار دینار بێت و دوای پێنج ساڵ دەتوانێت بیکاتە 15 هەزار دینار.
دکتۆر ئامانج وەفایی باسی لەو پزیشکانە کرد کە بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا یان ماستەر لە بوارێکی تایبەت بەدەست دەهێنن و گوتی: "ئەوانە دەتوانن نرخی چوونە ژوورەوەی نۆرینگەکەیان بکەنە 15 هەزار دینار، بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دوای ئەوە دەبێتە 20 هەزار دینار".
هەر بەگوێرەی رێنوێنییەکانی سەندیکای پزیشکان، ئەو پزیشکانەی بڕوانامەی دکتۆرا واتا بۆردیان هەیە، بۆیان هەیە نرخی چوونە ژوورەوەی نەخۆش بکەنە 20 هەزار دینار و دوای پێنج ساڵ بیکەنە 25 هەزار دینار.
لەبارەی بەرزترین نرخی چوونە ژوورەوەی نەخۆش بۆ نۆرینگەکان، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان گوتی: "ئەوانەی بۆردیان هەیە هەرکات بوونە پزیشکی راوێژکار، بۆیان هەیە 30 هەزار دینار وەربگرن".
دکتۆر ئامانج وەفایی ئاماژەی بەوە دا، هەموو پزیشکان ئازادن لەو نرخانەی دیاریکراوە پارەی کەمتر وەربگرن، بەڵام ئەگەر زیاتر وەربگرن لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
لەبارەی جۆری لێپێچینەوەکەش، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان گوتی: "بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانە، سزادانەکان لە ئاگادارکردنەوەوە دەستپێدەکات پاشان پێبژاردن، دواتر داخستن و دانە دادگە، بەو هۆیەوە چەندین پزیشک دراونەتە دادگە و بە ساڵ نۆرینگەکەیان داخراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ