رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق دەستنیشان کرا و بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەستبەکار بێت.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری دانانی ئانیل ئینان بە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە.
ئانیل ئینان، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا - عێراق بوو لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و دەبێتە شوێنگرەوەی عەلی رەزا گونەی، کە سێ ساڵ باڵیۆزی تورکیا بوو لە بەغدا.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئانیل ئینان بگاتە عێراق و نامەی متمانەپێدانی پێشکێشی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بکات.
رۆژی 29ی ئایاری 2024 عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی ئەو کاتی تورکیا لە بەغدا بە مەبەستی ماڵئاواییکردن سەردانی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقی کرد.
گۆڕانکارییەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ی ئایاری 2024 ئەرمان تۆپچو وەکو کۆنسوڵی گشتیی نوێی تورکیا لە هەولێر دەستبەکار بوو، ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی 21ی شوباتی 2024 کۆتایی بە ئەرکی محەممەد مەولوود یاقوت هات وەکو کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر.
تورکیا جگە لە باڵیۆزخانەی بەغدا، سێ کۆنسوڵخانەی لە هەولێر، موسڵ و بەسرە هەیە و پلانی هەیە کۆنسوڵخانەش لە کەرکووک و نەجەف بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ