رووداو- هەولێر
حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر محەممەد جەواد ئازەری، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێراندا سەپاند، ئەوەش وەک ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی ئەو رۆڵەی لە سانسۆرکردنی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەیدا هەیەتی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "ئەم مانگە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ئێران بۆ چەند رۆژێک وەستێندرا، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەو هۆکارەی کە بەرپرسانی ئێران وەک نیگەرانیی ئاسایشیی نیشتمانی باسی دەکەن، ئەوەش دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان لەو وڵاتەدا".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، شێوازی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە لایەن ئەو وەزارەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت کە ئازەری وەزیریەتی و لە رابردوویشدا ئەو کەسە لە شوێنی هەستیاردا کاریکردووە، لەوانەش کارکردن لە وەزارەتی ئیتڵاعات و هەروەها لە چاودێریکردنی چالاکوانانی ئۆپۆزیسیۆنیشدا بەشداربووە.
ستیڤ منووچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت "بەرپرسانی ئێران دەزانن کە ئینتەرنێتی ئازاد و کراوە ناشەرعییبوونیان دەردەخات و هەربۆیە هەوڵدەدەن بەکارهێنانی ئینتەرنێت سانسۆر بکەن بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکانی دژی رژێم. وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران سزادەدەین بەهۆی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت، لەوانەش سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکانی تایبەت بە نامەگۆڕینەوە کە یارمەتیدەرن بۆئەوەی ملیۆنەها کەس لە خەڵکی ئێران لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە پەیوەندیدا بن".



.jpg&w=3840&q=75)