رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئیمارات و کوێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکان و کۆگەی چەک و تەقەمەنییان ''سەرکەوتووانە'' کردووەتە ئامانج.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) راگەیێندراوێکی بلاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026، لە قۆناخی 31ـی ''ئۆپەراسیۆنی هەورە برووسکە''ـدا و لە تۆڵەی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی (ئەحمەد جابر) لە کوێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە مووشەک و درۆن کراوە و سیستمەکانی پەیوەندی، کۆگەکانی چەک و تەقەمەنی، شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا و فڕۆکە جەنگییەکان، ''سەرکەوتووانە'' لە بنکەکە کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
سوپای ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەی (مینهاد) لە ئیمارات و شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا و فڕۆکە جەنگییەکانیان پێکاوە.
سوپای ئێران هۆشداریش دەدات، تاوەکو ''سەرکەوتنی کۆتایی''، وەڵامەکانیان بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکا ''وێرانکەرتر'' دەبێت.
شەوی سێشەممە 1ـی ئەیلوول، جارێکی دیکە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردەوە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی وڵاتەکە (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە نێو خاکی ئێراندا.
هێرشەکان چەند ناوچەیەکیان لە پارێزگاکانی خوزستان، سیستان و بەلووچستان، هورمزگان و کرمان گرتووەتەوە.
بەرەبەیانی چوارشەممە لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش هێرشی چڕیان کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ئوردن، ئیمارات، کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان.
ئەمە تووندترین هێرشی هەردوو لایە بۆ سەر یەکدی لە چەند هەفتەی رابردوودا.



.webp&w=3840&q=75)