رووداو - پیرانشار
ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی مەترسییەکانی بەردەوامی دروستکردنی بەنداو هۆشداری بە حکومەتی ئێران دەدەن و دەڵێن، بەهۆی دروستکردنی بەنداوی زۆرەوە، ژیانی خەڵک و ژینگەی کوردستان لەبەردەم "مەترسی گەورەدان".
ئەمساڵ رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵێکی پڕباران و بەفرە، زۆر کانی وشکبوو ژیاونەتەوە، چۆم و رووبارەکان خوڕەیان دێ، بەشێک لەو ئاوانە دەڕژێنە نێو بەنداوەکان و بەشێکیشیان بەفیڕۆدەچن.
حکومەتی ئێران چەند ساڵێکە لە ناوچە سنوورییەکان دەستی بە لێدانی بەنداو کردووە. پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەرەکەی دوو هەزار و700 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، تەنیا لە سنووری ئەو شارە پێنج بەنداو دروستکراون و بڕیارە بەنداوێکی دیکەش دروستبکرێت.
حکومەتی ئێران دەڵێت، ئەو بەنداوانە بۆ ئەوە لێدراون ئاوە سرووشتییەکان بە فیڕۆنەچن و ئاوە سنوورییەکان کۆنترۆڵبکرێن و زەوی کشتوکاڵییە دێمەکان بکرێنە بەراو.
ئەنجوومەنی لایەنگرانی ژینگە لە پیرانشار لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هۆکارێکی لافاوەکانی ئەو ناوچەیە بۆ سیاسەتی "هەڵەی" دروستکردنی بەلێشاوی بەنداو دەگەڕێتەوە.
ئەو ئەنجوومەنە داوا لە حکومەتیش دەکات پێداچوونەوە بە سیاسەتی دروستکردنی بەنداو لەو شارەدا بکات و دەڵێت، بەهۆی بەنداوەکانی سێڵوێ، کانی سێو، گردەبن، زەنگیاوێ، کانی شینکە و بادیناوێ، پیرانشار مەترسی جدیتری لە شارەکانی خوزستان و لوڕستانی لەسەرە، کە بەم دواییە بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆری گیانی و مادیان پێگەیشت.
ژینگەپارێزان دەڵێن، بەهۆی لێدانی بەنداو و کەناڵی گواستنەوەی ئاو زیان بە ژینگە و سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە، بەشێک لە گوندەکان ژێر ئاو کەوتوون و ئەوەش دەرئەنجامی نەرێنی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە.
ئەسعەد سوارە هاونیشتمانیەکی پیرانشارە، دەڵێت "بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گوندانەی بە زەوییە کشتوکاڵییەکانیانەوە ژێر ئاو کەوتوون یان رەنگە ژێر ئاو بکەون، قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان هێشتا کارەکەیان یەکلانەبووەتەوە و قەرەبوونەکراونەتەوە."
هەمزە بۆرەکە هاونیشتمانییەکی دیکەی پیرانشارە و ئاماژەبەوەدەکات، خەڵک و ژینگەپارێزان لە رێگەی جیاوازەوە ناڕەزایەتی خۆیان لەو سیاسەتە بەگوێی دەسەڵات دەگەیێنن، بەڵام گوێیان لێ ناگیرێ."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)