رووداو- هەولێر
كۆماری ئیسلامی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK لە پێکدادانەکەی سەردەشت بە بەرپرسیار دەزانێت و ئەو پارتەش رایدەگەیەنێت، پەیوەندییان لەگەڵ گەریلاکانیان لە ناوچەی موکریان پچڕاوە.
رۆژی یەکشەممە 2013/5/19 لە بەرزاییەکانی چیای نێوکێل و هەڵاڵاویە لە پشت گوندی مێرگە پیرکێ-ی ناوچەی رەبەتی سەردەشت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپێکی چەکدار و سوپای پاسداران روویدا.
ئاژانسی (کۆماری ئیسلامی) و (ناوەندی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران) لەو بارەیەوە رایانگەیاندووە "دوو ئەندامی بەسیجی سوپای پاسدارانی میراوێی سەردەشت لە پێکدادانێکدا لەگەڵ PJAK کوژراون".
پژاک: پەیوەندیمان لەگەڵ گەریلاکانمان لە موکریان پچڕاوە
ئاروین ئەحمەدی پور، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (رووداو) رایگەیاند: "ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ گەریلاکانمان لە ناوچەی موکریان پچڕاوە و تا کاتی بەستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو گەریلایانە، ناتوانین بەرپرسیارێتی PJAK لە شەڕ و پێکدادانەکەی سەردەشت رەت یان پشتڕاست بکەینەوە".
رۆژنامەی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاندووە، كە 3 كەس لە سوپای پاسداران لەو پێكدادانەدا كوژراون، بەڵام هیچ یەک لە میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بە ژمارەی بریندارانی ئەو پێکدادانە نەکردووە، هەروەها هیچ سەرچاوەیەكی نزیك لە PJAK و پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات ئاماژەیان بە كوژراو و بریندارانی ئەو هێزە كوردییە نەكردووە.
زۆربەی میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەو پێکدادانەیان بە زیاتر لە 15 کەس لە قەڵەم داوە.
دوو ئەندامی بەسیجی سوپای پاسداران کوژراون
کوردستان و کوردی ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کە تەنیا ماڵپەڕی حیزبیی رۆژهەڵاتی کوردستانە رووداوەکەی روماڵکردووە، ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسدارانی بە 6 کەس نووسیووە و رایگەیاندووە "بههۆی پێكدادانی هێزێکی سهر به سوپای پاسدارانی ئێران له ناوچهی رهبهت لهگهڵ گرووپێکی چهکداری کوردیدا، زیاتر له 16 کهس له هێزهکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون". بەڵام ئاماژەی بە زیانەكانی ئەو هێزە كوردییە نەكردووە.
دوای ئاگربەستەکەی PJAK لە رێکەوتی 2011/9/5، تەنیا یەک جار لە ناوچەی شاهۆی شارۆچكەی پاوەی پارێزگای کرماشان شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەریلاکانی PJAK و هێزە ئەمنییەکانی ئێران روویداوە، کە بەهۆیەوە 4 پاسداری ئێران کوژران و 4ی دیکەش بریندار بوون، بەڵام زیانەكانی PJAK نەزانران.



