رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای ئێران دەڵێ، بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی کواڵیتیی باش دەبێت کۆتایی بە فیلتەرشکێن بهێندرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 500 وێستگە و بنکەی پەیوەندییەکانیان زیانی بەرکەوتووە.
سەتار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای ئێران، رۆژی سێشەممە 15-09-2026 سەبارەت بە رەوشی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەی رایگەیاند، "لە کۆبوونەوە جیاوازەکاندا رەخنەمان لێ دەگیرێ کە بۆچی بەدوای ئەوەوەین خەڵک دەستی بە سەکۆ جیاوازەکان بگات؟ لە راستیدا ئەمانە لە یەکدی جیا ناکرێنەوە. ئەگەر دەتانەوێ ئینتەرنێتێکی کواڵیتی باش بدەنە خەڵک، دەبێت کۆتایی بە بەکارهێنانی فیلتەرشکێن بێنن. دەبێ سنووردارکردن و بلۆککردن لە وڵاتدا چارەسەر بکەن."
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی جەنگ یان لە کاتی نائارامییە سەرتاسەرییەکاندا پەنا بۆ بڕینی ئینتەرنێت دەبەن.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای داتاک، (تایبەت بە چاودێری و شیکردنەوەی میدیا دیجیتاڵییەکان)، لە هەر 4 بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، 3 کەسیان VPN واتە فلتەرشکێن بەکاردێنن.
خەمڵاندنەکان دەریدەخەن کە پچڕانی سێ مانگەی ئینتەرنێت نرخی VPNـی 234 هێندە بەرزکردەوە، واتە 75%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە بەکارهێنەری VPNـن و پێویستیان پێیەتی.
هاشمی ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ناکاریگەر بەرامبەر تەکنەلۆژیا هیچ ئەنجامێکی نابێت و گوتی، "تەکنەلۆژیا زۆر بێبەزەییە. هونەر ئەوەیە کە بەکاری بێنیت و سوود لە تواناکانی وەربگری. ئەگەر لە دەروازەیەکەوە رێگە بە دەستڕاگەیشتن بدەی، بمانەوێ و نەمانەوێ خزمەتگوزارییەکان بەدوایدا دێن، کەواتە ناکرێ بە بیانووی جۆراوجۆر کواڵیتی ئینتەرنێت تێکبدەین."
"لە جەنگدا زیاتر لە 500 بنکەی پەیوەندیمان کراونەتە ئامانج"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری گەیاندنی ئێران هۆکاری پەککەوتنی بەشێک لە پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ دۆخی جەنگ گەڕاندەوە و گوتی، "لە دوو ساڵی رابردوودا وڵات بەشێوەی راستەوخۆ و رووبەڕوو لە جەنگدا بووە؛ جەنگی 12 رۆژە، جەنگی 40 رۆژە و رووداوە تاڵەکانی مانگی بەفرانبار هەموو ئەمانە روویاندا."
هاشمی باسی لە زیانەکانی جەنگ کرد و گوتی، "لە جەنگی ئەم دواییەدا زیاتر لە 500 شوێنی پەیوەندییەکانمان کرانە ئامانج و زیانیان بەرکەوت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران باسی لەوە کرد کە ئینتەرنێت مافێکی گشتیی خەڵکە و لەسەر دەستەبەرکردنی ئەم مافە پاشەکشە ناکەن و گوتی، "هەرچەندە هەندێک کەس بڕوایان بەوە نییە کە ئینتەرنێت پێداویستیی هەموو خەڵکە، بەڵام ئەم بۆچوونە هیچ بنەمایەکی زانستی، ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە و ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنەی بە خەڵکمان داوە بۆ دەستڕاگەیشتنی ئازاد و دادپەروەرانە بە زانیارییەکان دەمێنینەوە."



