رووداو - هەولێر
لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو ئێستا خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەردەوامن، هەرچەندە هێڵی ئینتەرنێت پچڕێندراوە، بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین دۆکیۆمێنت و ڤیدیۆیان پێگەیشتووە کە باس لە پێشێلکارییەکان لە خۆپیشاندانەکان دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان گولـلە دەگرنە خۆپیشاندەران.
رەپێرت کۆڵڤیڵ، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئێمە بە قووڵی نیگەرانی سەربارەت بەو راپۆرتانەی کە باس لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە بەها نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی هێزدەکەن، لە نێویاندا بەکارهێنانی گولـلە لە دژی خۆپیشاندەران لە ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، کە لە رۆژی هەینییەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو ئەم هەفتەیەش بەردەوامن".
تاوەکو رۆژی سێشەممە 19-11-2019 ئامارێکی روون لەبارەی ژمارەی کوژرا و بریندارەکانی ئێران بەردەست نەبوون. بەڵام رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکاندا 106 کەس کوژران، بە سەدان کەسی دیکە بریندارن.
هاوکات، رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، چەندین ڤیدیۆ و شایەتحاڵیان دەستکەوتووە و پێشێلکاری زۆر بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە.
راها بەحرەینی، لێکۆڵەر لەسەر پرسی ئێران لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ "بەپێی ئەو راپۆرتە باوەڕپێکراوانەی ئێمە بەدەستمان گەیشتوون، لەماوەی کەمتر لە سێ رۆژ، واتە لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە 106 کەس کوژران لە 21 شار لەسەرانسەری ئێران. ئێمە باوەڕمان وایە ژمارە راستەقینەکە زۆر لەوە زیاتربێت، بەڵام لەبەرئەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەتەواوەتی یانیش بە نزیکەیی هەموویان پچڕاون و ناتوانیت دەستت بەو زانیاریانەبگات و قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەیت کە ئازیزەکانیان لە دەستداوە".
ئەم ئامارانەی ئەمنستی بڵاویکردوونەتەوە بە تەنیا هی 21 شاری ئێرانن، بەڵام لە چەندین شاری دیکەی ئێران خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت، باس لەوەدەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زۆر لەوە زیاتربێت کە باس دەکرێن.

