ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لە هێرشکردنە سەر ئێران

19-11-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن ئێران ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران و دەڵێت، ئومێدەوارە هیچکات بیر لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران نەکرێتەوە. 
 
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بە کەناڵی ئێن بی سی راگەیاندووە، "هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران کاریگەریی گەورەی لەسەر چالاکییەکانی پشکنەرانی ئاژانسەکەمان لەو وڵاتە دەبێت و سەلامەتیی پشکنەرانیشمان دەکەوێتە مەترسییەوە". 
 
گوتەکانی رافایل لەدوای راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دێت کە ئاماژەی بەوە کردبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەی کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی بە وەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژارە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بخەنەڕوو.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئەوەی ئەمریکا پلانی بۆ هێرشکردن دانابێت "گریمانەیەکە و نە زیاتر". 

لە دوای ساڵی 2018 و کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیادیکردووە، دۆناڵد ترەمپ کامپەینی ئەوپەڕی گوشاری لە دژی ئێران راگەیاند و بەوەش ئابووریی ئێران تووشی داڕمان بوو و بەهای تمەنیش دابەزی. 
لە رۆژی چوارشەممەش ئەمریکا گەڕێکی دیکەی سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاند کە دامەزراوەی "موستەزعەفان" و وەزیری ئاسایشی هەواڵگریی کردبووە ئامانج. 

ئەو کۆبوونەوەیەی ترەمپ لەگەڵ راوێژکار و بەشێک لە وەزیرەکانی دوای ئەوەهات، ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندبوو، ئێران دوانزە بەرامبەری یۆرانیۆمی پیتێندراوی رێگەپێدراوی لە کۆگایەکیدا هەیە.
 
ئاژانسی ئەتۆمی رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو راپۆرتەکەی ئاراستەی وڵاتانی ئەندامی کردبوو و هەروەها دابوویە هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، ئێران ئێستا خاوەنی 2442.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە، ئەوەش دوانزە جار زیاترە لەو پابەندییەی کە وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران بۆیان دیاریکردووە. هاوکات راپۆرتەکە بێ ئەوەی ناوی ئەو بنکەیە ببات، گوتویەتی کە ئێران ئامادەنەبووە رێگە بدات پشکنەرەکانی سەردانی بنکەیەکی گوماناوی تایبەت بە چالاکیی ئەتۆمی بکەن.

بەپێی راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز کە پشتی بەستووە بە ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای ئیدارەی ترەمپ و هەروەها هەندێک بەرپرسی پێشووی ئەمریکا، هەرجۆرە هێرشێک- جا سەربازی بێت یان هێرشی ئینتەرنێت- لە دژی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دەبێت کە گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانە و دەکەوێتە باشووری تارانی پایتەخت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە