رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە دۆخی خراپی ئابوورییان، گردبوونەوە و داوای زیادکردنی مووچەکانیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، خانەنشینانی کرماشان، تاران، شووش، ئیسفەهان، مەشهەد، مازەندەران و چەندین شاری دیکەی ئێران، وەکو هەموو یەکشەممانی پێشوو، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی شارەکان و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی کەمیی مووچە و گوشارە ئابوورییەکانیان، گردبوونەوە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، خانەنشینانی ئێران داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن بەپێی رێژەی هەڵاوسانی ئەو وڵاتە کە سەرووی 42 لەسەدە و دەڵێن: تاوەکو حکومەت وەڵامی ئەو داواکارییەمان نەداتەوە، لە دەربڕینی ناڕەزایی بەردەوام دەبین.
زیاتر لە دوو ساڵە هەموو یەکشەممانی هەفتە، خانەنشینانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی شارەکان گرد دەبنەوە و داوای یەکسانی مووچەکانیان لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران و لەبەرچاوگرتنی رێژەی هەڵاوسان بۆ دابینکردنی مووچەکانیان دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.
حکومەتی ئێران ساڵانە تەنیا 20 لەسەد بە مووچەی خانەنشینان زیاد دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە، رێژەی گشتیی هەڵاوسان لەو وڵاتە سەرووی 40 لەسەد و رێژەی هەڵاوسانی خۆراک بەردەوام لە نێوان 60 بۆ 70 لەسەد بووە. ئەوەش کاریگەریی لەسەر دۆخی ژیانی خانەنشینان داناوە.


